دوو ئافرەت و پیاوێك بەھۆی مامەڵەكردن بە زێڕی ساختە دەستگیركران

لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت

K24 - سلێمانی

بەتۆمەتی‌ مامەڵەكردن بە زێڕی‌ ساختەوە، دوو ئافرەت و پیاوێك لە ناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌ دەستگیركران.

پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد، ئەو سێ كەسە كە بەرەگەز عەرەبن، برێك زێڕیان پێبووەو مامەڵەیان پێكردووە، لەناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌، پاش ئاگادار كردنەوەی‌ مەفرەزەكانی‌ پۆلیس لەلایەن چەند زێڕ فرۆشێكەوە، تونرا هەرسێ تۆمەتبارەكە دەستگیر بكرێن ‌و دەستیش بەسەر زێڕە ساختەكەدا بگیرێت.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو لە ئێستادا تۆمەتبارەكان بەفەرمانی‌ دادوەری‌ نەهێشتنی‌ تاوان بەندن‌ و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ئەمە لەكاتێكدایە لە ھەفتەی رابردووشدا پۆلیسی سلێمانی چەندین كەسی دیكەی بە تۆمەتی دزی دەستگیركردووە.