حکومەتی عێراق دەستپێشخەرییەکی ئەڵمانیا رەتدەکاتەوە

"عەبادی بیرۆکەی سەردانەکەی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیای بۆ هەولێر رەتکردووه‌ته‌وه‌"

K24 - ھەولێر

گۆڤاری دێرشپیگڵی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، سیگمار گابریێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەستپێشخەرییەکی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئامادەکردبوو، بەڵام لەلایەن خودی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتکرایەوە.

گابریێل، بە نیازبوو لە سەرەتای ئەم مانگە، سەردانی بەغدا بکات و دواتریش لە هەولێر لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کۆببێتەوە، بەڵام عەبادی بیرۆکەی سەردانەکەی بۆ هەولێر رەتکردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوور بووە لەسەر سەردانیکردنی هەولێر، تەنانەت ئانگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە عەبادی کردووە کە رێگەی بدات سەردانی هەولێریش بکات، دوای رەتکردنەوەی لەلایەن عەبادی، سیگمار سەردانەکەی هەڵوەشاندەوە.

ئەڵمانیا ئێستاش لە راهێنان و مەشقپێکردنی پێشمەگە بەردەوامە لە ماوەی رابردووشدا، چەندین کاروانی چەکی وەك هاوکاری بە پێشمەرگە داوە.