مەبەستی سەردانەكەی فوئاد مەعسوم بۆ سلێمانی ئاشكرا دەبێت

تا ئێستا ھەوڵەكانی بێ ئاكام بوونە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراق لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی گەیشتەوە ھەرێمی كوردستان و بە گوێرەی زانیارییەكان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان تاوتوێی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكەن.

بە گوێرەی میدیای فەرمی یەكێتی: "سه‌ردانی سه‌رۆك كۆمار بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ بینینی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌یه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌رباره‌ی كێشەكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".

پێشتریش چەندین جار فوئاد مەعسوم، دەستپێشخەری بۆ چارەسەری كێشەكان خستووەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا ھیچ لە ھەوڵەكانی ئەنجامی نەبووە، لە 15/10/2017 رۆژێك پێش داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، بەشداری لە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە دوكان كرد، ئەوكاتیش بۆ ئەوە ھاتبوو كە دەستپێشخەری بكات بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام نەك ھەر كێشەكان چارەسەر نەكران، بەڵكو رۆژێك دوای كۆبوونەوەكە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێران كەركووك و خورماتووی داگیركرد.

ئەو سەردانەی فوئاد مەعسوم، لە كاتێكدایە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك و خورماتوو لەلایەن بەشێك لە چاودێرانی سیاسی رەخنەی ئەوەی لێگرا كە بێدەنگ و بێ ھەڵوێست بووە لەبارەی ئەو رەوشەی كە لە ئەنجامی ھێرشی سەربازی بەغدا بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان و گەمارۆدانی ھەرێمی كوردستان ھاتووەتە ئاراوە.