وادەی دەستپێکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا
یانەکانی نەورۆز، سیروانی نوێ و شێروانە داوا دەکەن بەشداریی خولەکە نەکەن
K24- هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری دا رۆژی 2017/01/21 وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستپێبکات، بەڵام هێشتا ژمارەی یانە بەشداربووەکانی خولەکە دیار نییە.
دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ نوێنەری یانە نایابەکان کۆبووەوە، بڕیاری دا رۆژی 21ی یەنایەر وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستپێبکات، کە بەهۆی دۆخی ئێستای کوردستانەوە دەستپێکی وەرزی نوێی خولەکە دواخرابوو، فیدراسیۆنەکە هەفتەیەک مۆڵەتی بە یانەکانی نەورۆز، سیروانی نوێ و شێروانە دا بۆ ئەوەی خۆیان یەکلا بکەنەوە، کە هەر سێ یانە داوای بەڕێوەنەچوونی ئەم وەرزەی خولەکە دەکەن.
یانەکانی کەرکووک و گازی باکوور بەهۆی دۆخی ئێستای کەرکووک رێگایان پێدرا بەشداریی لە خولی نایابی کوردستان نەکەن و بڕیاریشدرا ئەم وەرزە خولی نایاب بە شێوازی خول بە بەشداریی 10 یانە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەگەر یانەکانی نەورۆز و سیروانی نوێ و شێروانە بەشداریی نەکەن، ئەوا لە هەمان وادە خولەکە بە بەشداریی 7 یانە دەکرێت، کە پێشمەرگەی هەولێر وەرزی رابردوو بووە پاڵەوانی خولەکە.