فه‌رمانده‌یه‌كی پاسداران: به‌ڵێنی ئیمام خومه‌ینیمان له عێراق و سووریا به‌جێهێنا
توانیومانه به‌ڵێنی ئیمام خومه‌ینی به‌جێبهێنین و بیرۆكه‌ی هێزی به‌سیج بڵاوبكه‌ینه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د ره‌زا یه‌زدی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی محه‌مه‌دی سه‌ر به سوپای پاسداران رایده‌گه‌یه‌نێت، به درووستكردنی ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌سیج دامه‌زراون و له 6 ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی جیاواز پێكهێنراون و له عێراق و سووریا كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵێنی ئیمام خومه‌ینیان به‌جێهێناوه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌و هێزانه له‌سه‌ر بنه‌ما و بیروبۆچوونی به‌سیج دامه‌زراون و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ش، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه.
یه‌زدی، له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی "فارس" رایگه‌یاند، توانیومانه به‌ڵێنی ئیمام خومه‌ینی به‌جێبهێنین و بیرۆكه‌ی هێزی به‌سیج بڵاوبكه‌ینه‌وه و هێزێكی وا له سووریا و عێراق كۆبكه‌نه‌وه، كه له شه‌ش وڵاتی جیاوازه‌وه هاتوون.
روونیشی ده‌كاته‌وه، توانیویانه چه‌كدارێكی زۆر له وڵاتانی دیكه‌شه‌وه بهێننه ریزی ئه‌و میلیشیایانه و رایگه‌یاند، ناتوانن ناوی وڵاته‌كان بهێنن چونكه كێشه‌یان بۆ درووست ده‌بێت، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌و چه‌كدارانه به‌یعه‌تییان به "سه‌ركرده‌ی شۆڕش" داوه و تا كۆتاییش به خۆڕاگری ده‌مێننه‌وه.
یه‌زدی راشیگه‌یاند، فه‌یله‌قی تاران له 98 كه‌تیبه پێكدێت، به‌یتولمه‌قدیس 96 كه‌تیبه، كه‌وسه‌ر 10 كه‌تیبه‌ی ئه‌منی و 10 كه‌تیبه‌ی فاتحین كه ژنان و پیاوان له خۆ ده‌گرێت و چه‌ندین كه‌تیبه‌ی ئیمام حوسێن و ئیمام عه‌لی، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئاماده‌ن به‌رگری له شۆڕش و ئیسلام بكه‌ن.
یه‌زی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، شوێنكه‌وته‌كانی تاران، ئاماده‌ن هه‌موو ئه‌ركێك له ناوخۆی ئێران، یاخود هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی جیهان ئه‌نجام بده‌ن، دووپاتیشیكرده‌وه ئه‌و هێزانه‌یان چه‌ندین "شه‌هیدیان" له پێناو به‌رگریكردن له پیرۆزییه‌كان به‌خشیوه و ئێستاش سه‌رقاڵی كاری كولتووریین له سووریا.
له ئێستادا ئێران، زیاتر له 200 هه‌زار چه‌كداری له چوارچێوه‌ی گرووپی میلیشیای له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بڵاوبكاته‌وه و به‌هۆی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و ئه‌نجامدانی تاوان له دژی مرۆڤایه‌تی، چه‌ند گرووپێكیان خراونه‌ته لیستی سزا و تیرۆری ئه‌مه‌ریكا.