پەكەكە بە تۆڵە كردنەوە یادی دامەزراندنی دەكاتەوە

"کەمی ماوە بەتەواویی کۆتایی بە ئەردۆغان و باخچەلی بێت"

K24 - ھەولێر

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رایدەگەیەنێت، یادی 40 ساڵەی دامەزراندنی بە چالاكی سەربازی و تۆڵە سەندنەوەی شەھیدان دەكاتەوە.

لە پەیامێكدا كە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بڵاویكردووەتەوە، پەكەكە ئاشكرای دەكات یادەكەیان بە چالاكی سەربازی و تۆڵە سەندنەوەی شەھیدانیان دەكەنەوە لە پەیامەكەدا ھاتووە: "لە ساڵی نوێدا پەرە بەخەباتمان دەدەین تا ئاستێکی بەرزی سەرکەوتن، پەكەكە بە تۆڵەکردنەوەی شەهیدانیش دەست بە خەباتی 40 ساڵی دەکات، تۆڵەکردنەوەی شەهیدانی مێژووی پەکەکە تا دواین شەهید ئەرکی پارتیمان دەبێت، بە تۆڵەی شەهید سارا، ساکینە جانسز، دەلال ئامەد، فاشیزم تێکدەشکێنین".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكە پەكەكەدا ھاتووە: "ئەردۆغان و باخچەلی چۆن بە دڕندانەیی هێرش دەکەن با بیکەن، چەندە کۆمەڵکوژی دەکەن با بیکەن، چیدەکەن با بیکەن، بەڵام کەمی ماوە بەتەواویی کۆتاییان پێ بێت".

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) 27/11/1979، لە گوندی فیس، بە رایەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزراوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕالی بەندكرا.