ئیسرائیل: حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ده‌كوژین
گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل ده‌ڵێت: توانای هه‌واڵگه‌ری و شه‌ڕ و مانۆره‌كانی سوپای ئیسرائیل ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه جه‌نگی له‌مجۆره چه‌نده بۆ ئیسرائیل سه‌خت بێت بۆ لوبنان ده‌یان جار سه‌ختتر ده‌بێت
K24- هه‌ولێر:
كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، رۆژی سێشه‌ممه رۆنین مانلێس، گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند "شه‌ڕی چاوه‌ڕوانكراومان له‌گه‌ڵ حزبوڵڵای لوبنانی له داهاتوودا به كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتی ئه‌و حزبه ده‌ستپێ ده‌كه‌ین".
به‌گوێره‌ی ئه‌و كه‌ناڵه ئه‌مه‌ریكیه، ئه‌م لێدوانه‌ی مانلێس له میانه‌ی گوتارێكدا له كۆنگره‌ی ئیلات بۆ راگه‌یاندن هاتووه و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه "له‌ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر شه‌ڕێك، نه‌سروڵڵا ده‌بێته ئامانجی ته‌لئه‌ڤیڤ"، گوتیشی: كوشتنی نه‌سروڵڵا "كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئه‌و جه‌نگه ده‌بێت".
گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "توانای هه‌واڵگه‌ری، شه‌ڕ و مانۆره‌كانی سوپای ئیسرائیل ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، كه جه‌نگی له‌م جۆره چه‌نده بۆ ئیسرائیل سه‌خت بێت، بۆ لوبنان ده‌یان جار سه‌ختتر ده‌بێت".
مانلێس له درێژه‌ی گوتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند "له‌ئێستادا ئیسرائیل له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌ستی به جه‌نگێكی میدیایی و ده‌روونی له دژی حزبوڵڵا كردووه"، هه‌روه‌ها گوتی "ئێستا وڵاته‌كه‌ی تاوتوێی گۆڕینی ده‌زگا میدیاییه كلاسیكیه‌كان به ئامرازی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كات و ئێمه له‌و بواره‌دا له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان زۆر چالاكین".