مەعسووم و جبووری داوای گفتوگۆی جددی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکەن
تاوتوێی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەن
K24 - ھەولێر
سەرۆك کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوادەکەن، گفتوگۆی جددی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکاتەوە.
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، فوئاد مەعسووم، سەرۆك کۆماری عێراق و سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێد و ماڵی خۆیان کۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی جددی لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیانکردەوە، هەروەها داوایان کرد، کاتێك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و بوونیادنانەوەی ناوچەکانیان دیاریبکرێت.
ئاماژەیان بەوەشدا، شەڕی داهاتووی عێراق شەڕی بوونیادنانەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆك كۆماری عێراق لە سەردانێكدا بۆ ھەولێر لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تاوتوێی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا و چارەسەری كێشەكانیان كرد.