ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانە
"جیاوازی لە ھەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریكا ھەیە"
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی و دەسەڵاتدارانی عێراق ناتوانن رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش پەراوێزبخەن، چونکە لەماوەی شەڕی دژ بە داعش پێشمەرگە بە شاهێدی هەموو جیهان توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت. گوتیشی، ھێزی پێشمەرگە لە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانە، کە باسی لە رۆڵی پێشمەرگە نەکردووە.
ھەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24 گوت: "عەبادی و ھیچ بەرپرسێكی دیكەی عێراقی ناتوانێت لە رۆڵی پێشمەرگە كەم بكاتەوە، چونكە لە چوار ساڵی رووبەرووبوونەوەی داعش رۆڵی پێشمەرگە بەرچاوە، تا وای لێھات ناوی پێشمەرگە ببێتە وێردی سەر زاری سەركردە جیھانییەكان و پێشمەرگە بوو بە سمبولی پاراستنی مرۆڤایەتی لە جیھان، ھەر ئەوە وایكرد كە پێنتاگۆن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پرۆتۆكۆلی لێك تێگەیشتن واژوو بكات".
لەبارەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش كە ناوی پێشمەرگەی نەھێناوە ھەڵگورد حكومەت گوتی: "وەك پێشمەرگەی كوردستان، لەو پەیامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانین، دەبوایە رۆڵی پێشمەرگە نا دیدە نەگرێت، بەڵام ئەوەشمان بیرنەچێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ھەموو دونیا لەسەر ئاستی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ وڵاتان دەكات، ئەوەندەی كاری وەزارەتی بەرگری بێت باسی رۆڵی پێشمەرگە بكات، ھێندە كاری وەزارەتی دەرەوە نییە، چونكە پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رۆڵی پێشمەرگەی لەبەرچاو گرتووە".
روونیكردەوە: "راشكاوی جیاوازی لە ھەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریكا ھەیە، لە بودجەی پێنتاگۆن بۆ 2018 بڕێك پارە وەك ھاوكاری بۆ پێشمەرگە دیاركراوە".