لێكۆڵەرێكی ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕیكردن له‌سێداره‌ ده‌درێت

دیوانی باڵای دادوەری ئێران، حوكمی لەسێدارەدانی بۆ لێكۆڵەرێكی ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەركرد.

K24 – هه‌ولێر:

دەزگای دادی ئێران، لێكۆڵەرێكی ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بە لەسێدارەدان حوكمدا.

بەپێی میدیاكانی ئێران رۆژی یەكشەممە، دیوانی باڵای دادی ئێران، حوكمی لەسێدارەدانی بەسەر ئەحمەدڕەزا جەلالی لێكۆڵەری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی سوێدی سەپاندووە.

دادگا رايگه‌ياندووه‌، ئەو ھاووڵاتییە ئێرانییە سیخوڕی بۆ وڵاتانی نه‌يارى ئێران كردووە.

جەلالی پزشكێكی ئێرانییە و ماوەی 18 ساڵە لە سوید دەژێت، ساڵی رابردوو لەسەر بانگھێشتی زانكۆی تاران سەردانی ئێرانی كرد و لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كرا و تا ئێستاش لە زینداندایە.