حكومەت و پەرلەمان لەبارەی داھات و خەرجی لە كۆبوونەوەدان
بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم لە ئەگەری رێککەوتن و رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەخرێنەڕوو
K24 - ھەولێر
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتی داهات و خەرجی خەمڵێنراوی شەش مانگی ساڵی داهاتوو کۆدەبنەوە و كەمێك پێش ئێستا شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە پەرلەمانی كوردستان.
لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد، پێشتر یاداشتێكیان داوەتە حكومەت بۆ ئەوەی پێمان بڵێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكات و جەختیشی كردەوە، لەگەڵ حكومەت داھات و جەرجی و پرسی مووچە تاوتووێ دەكەن.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24 راگەیاندبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەر سێ لێژنەکانی کاروباری یاسایی، دارایی و کاروباری ئابووری و وەبەرهێنان و هەروەها پێشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ خستنەڕووی راپۆرتی دارایی و سامانە سروشتییەکان لەبارەی داهات و خەرجییە گشتییەکانی خەمڵێنراو بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی دارایی 2018 کۆدەبنەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری رێککەوتن و رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەخرێنەڕوو.
سەرچاوەکەی کوردستان24 دەڵێت، پڕۆژەی چەند بڕیارێکی چاکسازی لە بواری رێکخستنەوەی کەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی و مووچە لە کەرتەکانی مەدەنی، سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ باس دەکرێن.