نێچیرڤان بارزانی: هیچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ئارادا نییه‌

نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمی كوردستانی ده‌ستووری عیراق وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌بینێت

K24- هه‌ولێر:

ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14/12/2017 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ یان ڤیتشال باڵیۆزی وڵاتی چیك له‌ عیراق و ئیڤا درداكۆڤا كونسوڵی چیك له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا ڤیتشال مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته ‌ڕوو كه‌ بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و میكانیزمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخ و قه‌یرانه‌كانى ئێستا و، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان بكات.

باڵیۆزی چیك پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانیان به‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان و به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا‌كانی حكوومه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو، ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاوكاریكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.

له‌ به‌رامبه‌ردا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به هۆكاره‌كانی دروستبوونی قه‌یرانه‌كان كرد و دووپاتى كرده‌وه,‌‌ وێڕاى كه‌مبوونه‌وه‌ى گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام هیچ گفتوگۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ستووری عیراق وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌بینێت.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كۆده‌نگیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان‌، چۆنیه‌تیی تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌ ئابووری و سیاسییه‌كان، پلانی حكوومه‌ت بۆ چاكسازی له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان، كركرده‌وه‌. به‌ پێویستیشى‌ زانى كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی زیاتر له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پشتگیریكردنی ژێرخانی ئابووریی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا ببینێت.