شانەیەکی داعش لە حمس هەڵوەشێندرایەوە
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا، رایگەیاند, شانەیەکی داعشیان لە ناوچەی حوڵە لە دەورووبەری حمس هەڵوەشاندووەتەوە و پیلانێکیان بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنە ئایینییەکان و دەورییە ئەمنییەکان پووچەڵکردووەتەوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ ئۆپەراسیۆنێکیان بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی گشتی و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە پێشوەختەکاندا کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو ئەندامی شانەیەکی داعش دەستگیرکراون و دوو بۆمبی چێنراویش دەستیان بەسەردا گیراوە، کە ئامادەکرابوون بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی، لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن یەکێک لە ئەندامانی شانەکە تێوەگلاوە لە هەوڵێکی بۆ بۆمبڕێژکردنی هێڵی شەمەندەفەر و لە کاتی دانانی بۆمبەکەدا دەستگیرکراوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەختیانکردەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردن و راوەدوونانی سەرجەم ئەندامانی شانەکە، هەروەها دیاریکردنی پەیوەندییەکان و قەبارەی چالاکییەکانیان بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تێوەگلاوان.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، دەزگای هەواڵگریی گشتی بە هاوکاریی فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە دەورووبەری دیمەشق، توانییان خالید رائید بەیڕۆنی، ناسراو بە "ئەبو حەسەن دوشکا"، کە باڵی جێبەجێکاری داعش بووە لە حمس، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە شارۆچکەی حوجەیرا لە دیمەشق دەستگیربکەن.
وەزارەتی ناوخۆ روونیکردەوە لێکۆڵینەوەکان دووپاتیانکردووەتەوە، بەیڕۆنی بەرپرسی سەربازیی گشتیی رێکخراوەکە بووە لە ویلایەتی حمس، ئەو بەرپرسە پلانی بۆ چەندین کاری تیرۆریستی لە شارەکە داناوە و سەرپەرشتی کردوون، لەوانە ئامادەکردن و بەکاکرهێنانی بۆمبی چێنراو و دروستکردنی ناکۆکی مەزهەبی، هەروەها بەرپرسیار بووە لەو تەقینەوەیەی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو کە مزگەوتی عەلی ئەبو تاڵیبی لە گەڕەکی وادی زەهەب لە حمس کردە ئامانج.