به ڤیدیۆ.. ژاپۆن شێوازی پرسه ده‌گۆڕێت و وه‌ك كڕینی فاست فوودی لێكردووه
به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئۆتۆمبێل دابه‌زێت به‌شداری پرسه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
له وڵاتی ژاپۆن، شێوازی سه‌ردانیكردنی پرسه‌ی مردووان، هاوشێوه‌ی كڕینی خواردنی خێرا "فاست فوود"ی لێهاتووه و میوانان به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئۆتۆمبێله‌كانییان دابه‌زن، سه‌ره‌خۆشی له خاوه‌ن پرسه ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی ئه‌و شێوازه نوێیه، ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ سه‌ره‌خۆشی سه‌ردانی خاوه‌ن پرسه ده‌كات، هاوشێوه‌ی داواكردنی خواردنی خێرا "فاست فوود" له رێڕه‌وێكی تایبه‌ت له ته‌نیشت هۆڵی پرسه‌كه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئۆتۆمبێله‌كه دابه‌زێت، سه‌ره‌خۆشی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه ده‌بێت، له‌وێش كه‌سێكی نزیكی مردوو، یاخود خاوه‌ن پرسه‌كه وه‌ستاوه و ده‌فته‌رێكی پێده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به نووسینیش بیسه‌لمێنێت به‌شداری پرسه‌كه‌ی كردووه.
له‌و دیو هۆڵی پرسه‌ش، كه‌سوكاری مردووه‌كه، له رێگه‌ی كامێرایه‌كه‌وه هه‌موو ئه‌وانه ده‌بینن، كه به‌م شێوه‌یه به‌شداری پرسه‌كه ده‌كه‌ن و ته‌رمی مردووه‌كه‌ش له‌ناو تابووتێك له جامخانه‌كه داده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدارانی پرسه‌كه‌ی، بۆ دواجار بیبینن.