توێژینەوە لەسەر 20 گوتاری عەبادی دەكرێت
عەبادی لە خۆبایی بووە
K24 - ھەولێر
مامۆستایەکی زانكۆ توێژینەوەیەکی لە سەر 20 گوتاری ئەم دوایەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە و بە شێوەیەکی ئەکادمی ھۆکاری دژایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرامبەر بە کورد دەخاتەڕوو کە لە دەرئەنجامدا کار بۆ مانەوەی دەکات لە دەسەڵات.
بەھات قەرەداخی، مامۆستای زانکۆ كە بەشێوەیەكی ئەكادیمی توێژینەوەی لەسەر وتارەكانی عەبادی كردووە بە كوردستان24 گوت: "عەبادی بەھۆی پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە، چەند سەركەوتنێكی سەربازی بە دەست ھێناوە، سەركەوتنی سەربازی بۆ كۆمەڵگەیەكی بە میلیشیاكراوی وەك عێراق گرنگە".
سەرۆك وەزیرانی عێراق کە گەمارۆ ئابووری و ئەمنی و زەمینی و ئاسمانییهكانی سەر ھەرێمی کوردستانی چڕكردووهتهوه و لە وتارەکانیشی پێگەی کورد و پێشمەرگە فەرامۆش دەکات، ئەمەش بە لای ھەندێك لە سیاسییەکانەوە بۆ لاوازی یەك ھەڵوێستی و یەکریزی کورد دەگەڕێتەوە .
ژمارەیەك لە توێژەران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن کە حەیدەر عەبادی، وای نیشاندەدات پشت ئەستوورە بە سەرکەوتن بە سەر داعش و دژایەتی کردنی گەندەڵی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئەمەش پێگەی بەرزکردوەتەوە لە شەقامی شیعیدا و بەو ھۆیەشەوە لە خۆبایی بووە.