بەریتانیا دۆستی نەوتە و دژی كوردە

"بۆچی قایل دەبێت عەرەب 22 دەوڵەتی ھەبێت، بەڵام بۆ كورد ئاستەنگ دروست دەكات"

K24 - سلێمانی

بەریتانیا لە مێژوویی کۆن و نوێیدا ھەمیشە بەرژەوەندییە نەوتییەکانی خۆی لەگەڵ عێراقی عەرەبی خستۆتە پێش بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد، ئەم وتەیەش لەلایەن پسپۆرانی بواری مێژوو پشڕاست دەکرێتەوە و دەشڵێن، تەنانەت بەریتانییه‌کان لە رادیۆی بی بی سی، 5 خولەکی بەرنامەکانیان بە زمانی کوردی بە ڕەوا نابینن ئەوەش لە کاتێکدایە عەرەب لە ساڵی 1938 ـه‌وە لەو رادیۆیەدا بەرنامەی بە زمانی عەرەبی ھەیە.

لەبارەی رۆڵی نەرێنی بەریتانیا لە رووداوەكانی ئەم دوایەی كوردستان و عێراق فارس نەوڕۆڵی، نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت: "لە رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر بە ئاشكرا جێ پەنجەی بەریتانیا پێوە دیاربوو، لە دوای داگیركاری حەشد شەعبی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، كۆمپانیا بەریتانییەكان چوونە سەر بیرە نەوتەكان، بێ ئەوەی تەماشای پێشێلكارییەكانی چەكدارانی حەشد بكەن بە بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و خورماتوو".

فەرھاد عەبدولعەزیز، مامۆستای زانکۆ و پسپۆر لە مێژووی نوێی و ھاوچەرخ پێی وایە: "دەبێ ئێمەی كورد لە خۆمان بپرسین، بۆ بەریتانیا دژایەتی كورد دەكات و رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بكات؟ لە كاتێكدا قایل دەبێت عەرەب 22 دەوڵەتی ھەبێت، بەڵام بۆ كورد رێگری بكات؟ شێخ مەحمودی حەفید كاتێك ھاوكاری بەریتانیای نامێنێ ناتوانێ بەردەوام بێت، قازی محەمەد كە یارمەتی یەكێتی سۆڤیەتی نامێنێ بەردەوام نابێت، ھەروەھا شۆڕشی ئەیلوول لەوكاتەی ھاوكاری ئەمریكا و ئێرانی نامێنێ ناتوانێ بەردەوام بێت، ئەمە بۆ ئەم سەردەمەش ھەروایە".

لەسەر ئاستی بایەخدان بە نەتەوەکانی دیکە لە ساڵی 1938 ـه‌وە، نەتەوەی عەرەب لە رادیۆی بی بی سی په‌خشی تایبەتی خۆی بە زمانی عەرەبی ھەیە تا دەگات بە كه‌ناڵی تەلەفزیۆنی عەرەبی، بەڵام به‌ وته‌ی مامۆستایه‌كی زانكۆ تا ئەم ساتەش تەنانەت 5 خوولەک پەخشی بەرنامەیه‌کی رادیۆییشی بۆ زمانی کوردی به‌ رەوا نەبینیوە.

ئاکۆ شوانی، سەرۆکی بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی دەڵێ: "بەریتانیا تا ئێستا سەنگی بە كورد نەداوە، بە بەراورد بە ھەندێك وڵات كە تازە ھاتوونەتە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، ئەمریكا لە چلەكانی سەدەی رابردوو ھاتووەتە ناوچەكە، بەڵام لە سەرەتای نەوەدەكانەوە بەشی كوردی بەشێكی چالاكە لە رادیۆی دەنگی ئەمریكا".