قەرەیلان: ھەوڵەكان دژی كوردستان شكستیان ھێنا

" ھیوادارین توركیا ھەڵەی وانەكات"

K24 - ھەولێر

قەرەیلان رایدەگەیەنێت، سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دژایەتی سەرجەم پارچەكانی كوردستان بوو، بەڵام شكستی ھێنا و لە بارەی عەفرینیش ھۆشداری دەداتە توركیا.

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە، لە دیدارێكدا لەگەڵ یەكێك لە میدكانی سەربە پارتەكەی رایگەیاند: "حكومەتی ئاكەپە و مەھەپە لە دۆخێكی یەكجار تەنگاویدایە و لە ھەوڵەكانیشی بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان شكستی ھێنا. بە ھەڵوەشانەوەی سیاسەتی دژایەتیكردنی كوردی رۆژھەڵاتی ناوین، توركیاش تووشی شكست بوو، ھەموو ھەوڵیان ئەوەبوو كورد نەبنە خاوەن قەوارەی خۆیان، وەك بینیمان دژی باشووری كوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران رێككەوت".

لەبارەی ھەڕەشەكانی توركیا بۆ ھێرشكردنە سەر عەفرین، قەرەیلان رایگەیاند: "توركیا بە بێ ئەمریكا و رووسیا ھیچ شتێك نییە و ناشتوانێت ھیچ بكات، ئەگەر فڕۆكەی فڕاند و شەڕی بەرپاكرد، بەو واتایە دێت كە رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵكردووە".

 دەشڵێت: "ھیوادارین توركیا ھەڵەی وانەكات، ئەگەر شەڕ روویدا، مێژووێكی نوێ لە عەفرین تۆمار دەكرێت و ھەموو گەلی كورد بەرگریی لێدەكات، عەفرین بە تەنیا نامێنێتەوە و جیھانیش بەرگریی لێدەكات".