عەبادی بۆ گفتوگۆ مەرجی نوێی ھەیە
"ھەوڵی لهتكردنی زیاتری نێوماڵی كوردی دهوێت"
K24 - ھەولێر
عەبادی لە بری گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی ھەرێم، دەیەوێ كۆبوونەوە و دانووستان لەگەڵ ھێزە سیاسییە كوردییەكان بكات، ئەمەشی وەك مەرجێك بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەرێی بەرپرسێكی باڵای شیعەكانەوە بە نوێنەرانی كورد گەیاندووە. پارتی لەم مەرجە نوێیەی عەبادی بەگومانە و پسپۆڕانی زانستە سیاسییەكانیش بە ھەوڵێكی دیكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی دەبینن بۆ لەتكردنی نێو ماڵی كورد و پەرتەوازە كردنی ھێزە سیاسیە كوردییەكان.
لەوبارەوە كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھێزە سیاسییەكان ئەوانەن كە حكومەتیان پێكھێناوە، بۆ دانوستان لەگەڵ پەرلەمان و حكومەت نەكرێت بۆ لەگەڵ حزبەكان بكرێت؟ جگە لەوە كام حزب و كێ بچێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا؟ ئەمانە ھەموو جێی پرسیارە لە داواكەی عەبادی، تا ئێستاش حكومەتی عێراق بە فەرمی داوای نەكردووە شاندی ھەرێم بچێتە بەغدا".
ھەر سەبارەت بەو مەرجەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان عەبدولرەحمان دەروێش، مامۆستای زانكۆ بە كوردستان24 گوت: "ئەم مەرجە بۆ ئەوە دەگەیەنێت كە عەبادی بە ئاشكرا و بە روونی دژایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات، دەیەوێت لەگەڵ پارتە سیاسییەكان بە جۆرێك گفتوگۆ بكات كە وەك لایەنێكی یاخیبوو سەیریان بكات و چەندین مەرجیان بەسەر بسەپێنێ".
حەیدەر عەبادی بۆ دەستپيكردنی گفتوگۆكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، مەرجێكی نوێی ھەیە، ئەویش پێكھێنانی شاندێكی فرەلایەنەی ھێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستانە. ئەم مەرجەی عەبادی پێچەوانەی داواكارییەكانی ھەرێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەو پێیەی حكومەتی عێراقی پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ھەرێم دانوستان بكات. عەبادی مەرجە نوێیەكەی لە رێگەی عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە بە گوێی نوێنەرانی كورد چرپاندووە.