قەرەیلان: پلانەکەی تورکیامان لەگۆڕنا
ئاماری توركیا لەبارەی شەڕەكان رەتدەكاتەوە
K24 - ھەولێر
موڕاد قەرەیلان رایدەگەیەنێت، سوپای توركیا پلانی دانابوو تاوەكو بەھاری ساڵی 2017 تەواوی گەریلاكانی پەكەكە لەناوبەرێت، بەڵام پلانەكەیان پووچەڵكراوەتەوە.
موڕاد قەرەیلان، فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) بە میدیایەكی نزیك لە پەكەكەی راگەیاندووە: "توركیا پلانی دانابوو لە باكوور گەریلاكان لەناوببات و لە باشووریش شەڕ لەنێوان پەكەكە و پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بكات و یەپەگە لە رەققە بێ رۆڵ بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو".
گوتیشی: "توركیا دەڵێت 4500 گەریلایان كوشتووە، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە، كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە، 578 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و 30 گەریلاش بەدیل گیراون. لەبەرامبەریشدا لە ئەنجامی چالاكیەكانی گەریلاكانی پەكەكە، 1657 سەرباز و پۆلیسی توركیا كوژراون و 30 ئۆتۆمبێلی زریپۆش و 3 ھێلیكۆپتەر تێكشكێنراون".