لهمهودوا پهرلهمانتار وهكو پێشوو خانهنشین ناكرێن
خانهنشینی پهرلهمانتاران دهستكاری دهكرێت

K24 - ههولێر:
حكوومەت لەرێگهی پرۆژە یاسایەك دەیەوێت خانەنشینكردنی پەرلەمانتاران و وەزیران مەرجدار بكات، مەرجەكەش ئەوەیە كە پەرلەمانتاران دەبێ تەمەنیان 50 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و 15 ساڵیش خزمەتی وەزیفیان ھەبێت.
ههروهها بڕی مووچەی خانەنشینیەكەش كەمتر دەكرێتەوە، لە كاتێكدا بەپێی ئەو سیستەمەی كە ئێستا جێبەجێ دەكرێت, سەرجەم پەرلەمانتاران دوای تەواوكردنی ماوەی یاسایی خۆیان لە كاری پەرلەمانتاری بە پلەی تایبەت خانەنشین دەبن و مووچەیەكی باش وەردەگرن.
حکوومەت چیتر نایەوێ باری سەرشانی خۆی قورستر بکات، لەپاڵ پڕۆژە چاکسازییەکانی بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داھات، ئەمجارە دەیەوێ مووچەی خانەنشینانی پەرلەمانتاران و وەزیران کەم بکاتەوە، ئەمیش لەڕێگەی پرۆژە یاسایەک کەلەلای حكوومەت کارەکانی تەواو بووە و ئێستا لە ئەنجوومەنی شوڕایە, پەرلەمانتارێكی پارتیش پرۆژە یاساكە بە باش وەسف دەكات.
پڕۆژە یاساکەی حکوومەت، تەنیا کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران نیە، بەڵکو تێیدا هاتووە هەر پەرلەمانتارێک بۆ ئەوەی خانەنشینی بیگرێتەوە پێویستە تەمەنی لە پەنجا ساڵ بەسەرەوە بێت و ۱٥ ساڵ خزمەتی وەزیفیشی هەبێت، ئینجا بە دوو ملیۆن دینار خانەنشین دەبێت. ئەمەش بەدڵی بەشێك لەو پەرلەمانتارانە نیيە كە تەمەنیان لە خوار 50 ساڵەوەیە.
بەپێی پرۆژە یاساکە ئەو پەرلەمانتارانەی مەرجەکانی خانەنشینی نایانگرێتەوە، دوای كاری پەرلەمانتاری دەگەڕێنەوە سەر كاری پێشووتری خۆیان، ئەم پرۆژە یاسایەش بەتایبەتتر كاریگەری بەسەر ئەو پەرلەمانتارانەدا دەبێت كە بێ ھیچ پلەی وەزیفیێك بوونەتە پەرلەمانتار.