نهجهف رهتیدهكاتهوه فڕۆكهخانهی شارهكه رادهستی بهغدا بكاتهوه
بهغدا داوای فڕۆكهخانهكانی ههرێم دهكات كهچی فڕۆكهخانهی نهجهف لهژێر دهسهڵاتی ئهواندا نییه
K24 - ههولێر:
لیژنەی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی فڕۆكەخانەی نەجەف كۆتایی بەكارەكانی ھێنا و لە نووسراوێكدا داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات فڕۆكەخانەكە ھەر لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەی خۆجێيی ئەو شارەدا بمێنێتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە عەبادی داوای رادەستكردنی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات.
لەماوەی تەمەنی فڕۆكەخانەی نەجەفدا، ئەنجوومەنێك سەرپەرشتی فڕۆكەخانەكەی كردووە و لە نوێنەری لایەنە سیاسییە گەورەكانی شیعەی ئەو پارێزگایە پێكھاتووە.
بەمدواییانەش گەندەڵییەكی زۆر لە ئیدارەدانی فڕۆكەخانەكە ئاشكرابوو، بۆیە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای رادەستكردنەوەی فڕۆكەخانەكە بە حكوومەتی بەغدا دەكات.
لیژنەیەكیش بۆ لێكۆڵینەوە لەگەندەڵییەكان پێكھات و لە نووسراوێكدا داوا لە عەبادی دەكات، بەھۆی ئەوەی فڕۆكەخانەكە بە داھاتی پارێزگاكە خۆی بنیاتنراوە ھەر لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەی خۆجێيی ئەو شارەدا بمێنتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستانیش بە داھات و بودجەی ھەرێمی كوردستان دروستكراون و حكوومەتی عێراقیش داوای رادەستكردنەوەیان دەكات.
ئەگەر مانەوەی فڕۆكەخانەی نەجەف لەژێر ئیدارەی خۆجێيی شارەكە نادەستووری نەبێت، بۆچی مانەوەی فڕۆكەخانەكان لە ژێر دەستەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نادەستوورییە..؟
سەرەڕای پابەندنەبوونی نەجەف بە بڕیارەكەی عەبادییەوە، بەڵام بڕیار بەداخستنی فڕۆكەخانە نادرێت، لەكاتێكدا ماوەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان تاكو كۆتایی مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو درێژدەكاتەوە.
فڕۆكەخانەی نەجەف لە 20 ئەیلوولی 2008دا كراوەتەوە و بەھۆی زیارەتكارانی شیعەوە فڕۆكەخانەی نەجەف گەشتەكانی زۆرن، جاری وا ھەیە ژمارەیان دەگاتە 60 گەشت لە رۆژێكدا.