فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پشتیوانی لە چاکسازی دەکەن
"ناكرێ كەسێك بە چوار ساڵ خزمەت ئەو مافەی ھەبێت"
K24 - سلێمانی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەپاڵ پڕۆژە چاکسازییەکانی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داھات، پرۆژەیەکی بۆ کەمکردنەوەی مووچە و سنووردارکردنی خانەنشینانی پەرلەمانتاران ئامادە کردووە و ئاراستەی پەرلەمانی کردووە، بەشێك لە فرکسیۆنەکانی پەرلەمانیش، پشتیوانی لە پرۆژەکە دەکەن.
عومەر عینایەت، پارلەمانتار لە فراکسیۆنى بزووتنەوەى گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "ئێمە پشتگیری ئەوەمان كردووە كە خانەنشین كردنی ئەندام پەرلەمان نەمێنێ، تەنھا بۆ ئەو كەسانە نەبێت كە مافی خۆیانە لە رووی تەمەن و خزمەت خانەنشین بكرێن، ناكرێ كەسێك بێتە ناو پەرلەمان بە چوار ساڵ خزمەتكردن ھەمان ئەو مافەی ھەبێت كە كەسێكی دیكە بە 40 ساڵ خزمەت ھەیەتی".
ھەر لەبارەی ئەو پرسە، سالار مەحموود پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی یەكێتی گوتی: "من پشتیوانی ئەوە ناكەم تەنھا مووچە و خانەنشینی ببڕدرێ، دەبێ سەرچاوەكانی داھات و خەرجی لە كوردستان شەفاف بكرێت و دەستی حزب لە نێو دەربھێندرێت".
بەپێی پڕۆژە یاساکەی حکومەتی ھەرێم، تایبەت بە خانەنیشنکردنی پەرلەمانتاران جگە لە کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاری خانەنیشن کراو لە 6 ملیۆنەوە بۆ 2 ملیۆن دینار، ھاوکات ھەر پەرلەمانتارێك بۆ ئەوەی خانەنشینی بیگرێتەوە دەبێت تەمەنی لەسەرووی 50 ساڵیەوە بێت و 15 ساڵ خزمەتی فەرمانبەری هەبێت، ئەمەش، بەشێك لە پەرلەمانتارانی نیگەران کردووە و بەشێکی دیکەش پشتیوانی لێدەکەن.