سه‌رنجڕاكێشترین وێنه‌ی زستانی مه‌ریخ لێره ببینه
له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستان دیمه‌نی نامۆ له‌سه‌ر رووی مه‌ریخ ده‌رده‌كه‌ون
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی فه‌له‌كناسی ناسای ئه‌مه‌ریكی چه‌ند وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی له هه‌ساره‌ی مه‌ریخ بڵاو ده‌كاته‌وه، كه تێیدا دیمه‌نه‌كانی وه‌رزی زستان له‌سه‌ر رووی ئه‌و هه‌ساره‌یه نیشان ده‌دات، ئه‌و وێنانه له‌ڕێگه‌ی مانگی ده‌ستكردی "Mars Reconnaissance Orbiter" گیراون، كه ئێستا ئه‌و مانگه ده‌ستكرده له خولگه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ زانیاری تۆمار ده‌كات.

له وێنه‌كاندا دیمه‌نی سه‌رنجڕاكیش ده‌ركه‌وتوون، زۆربه‌یان ئه‌ندازه‌ی نه‌خشه‌سازی تۆپۆگرافیای ئه‌و هه‌ساره‌یه ده‌خه‌نه ڕوو. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه شاره‌زایانی گه‌ردوونناسی له ئاژانسی ناسا ده‌ڵێن، دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ گۆڕانكاری به‌سه‌ر دیمه‌نه‌كانی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌دا ده‌هێنن، به‌شێوه‌یه‌ك گازی دووانه ئۆكسیدی كاربۆن كه به‌رگه‌هه‌وای ئه‌و هه‌ساره‌یه پێكده‌هێنێت، بۆ به‌سته‌ڵه‌كێكی وشك ده‌گۆڕێت و رووی ده‌ره‌وه‌ی مه‌ریخ داده‌پۆشێت و، چه‌ند دیمه‌نێكی نامۆ به رووكاری ئه‌و هه‌ساره‌یه ده‌به‌خشێت.

هه‌روه‌ها زانیارییه تۆماركراوه‌كانی ناسا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی به‌هار سه‌هۆڵبه‌نده‌كه به‌هێواشی به‌هه‌ڵم ده‌بێته‌وه، ئه‌وكاتیش رووی راسته‌قینه‌ی هه‌ساره‌كه ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام پله‌كانی گه‌رما له جه‌مسه‌ری باشووری ئه‌و هه‌ساره‌یه هه‌ر به نزمی ده‌مێننه‌وه، بۆیه به‌درێژایی ساڵ له‌و جه‌مسه‌ره هه‌ر زستانه.
ھ أ