ئێران: ھیچ بەڵگەیەك نییە ھەرێمی كوردستان دەستی لە خۆپیشاندانەكان ھەبووبێت
رەتكردنەوەی ھەواڵەكە كە بە ھەند وەردەگرین
K24 - ھەولێر
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رەتکردنەوەی ھەواڵی دەستھەبوونی ھەولێر لە خۆپیشاندانەكانی ئێران، لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بەھەند وەردەگرین.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، رەتکردنەوەی دەستهەبوونی هەرێمی کوردستان لە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی شارەكانی ئێران لەلایەن نچیرڤان بارزانییەوە بۆ ئێران گرینگە و بەھەند وەریدەگرن.
قاسمی گوتیشی: "ھیچ بەڵگەیەك لە بەردەستدا نییە كە ھەرێمی كوردستان دەستی لەو رووداونەدا ھەبووبێت و بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەكانی ئێران و ھەرێمی كوردستان بە دووری دەبینن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بن".
لە چەند رۆژی رابردوودا موحسن رهزایی، سكرتێری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندیەكانی ئێران، رایگەیاندبوو ھەرێمی كوردستان دەستی لە خۆپێشاندانەكانی ئێران ھەیە، دوای ئەوەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەو تۆمەتی رەتكردەوە.