مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانی شا خالید و ئەبها دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، وێرای سەرکۆنەکردنی هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانی شا خالید و ئەبها لە سعوودیە، جەختی لەوە کردەوە، بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤل و ژێرخانی مەدەنی قبووڵکراو نییە.

هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها دەکەم.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل و ژێرخانی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات و هاوسۆزی خۆی بۆ گەل و سەرکردایەتیی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە دەردەبڕێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە بڵاوی کردەوە، دوێنێ پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "شا خالید" لە ریاز بەر دوو هێرش کەوتووە و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتیی سعوودی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش لە هاووڵاتییان و بیانییەکان بریندار بوون.