حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان تاوتوێی خۆپێشاندانەكانی ئێران دەكەن
لە ئاستی باڵادا كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی باڵادا کۆدەبنەوە، و خۆپێشاندانەکانی ئەمدوایانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تاووتوێ دەکەن.
ئیسماعیل شەڕەفی، ئەندامی سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەمرۆ سێشەممە ھەر یەك لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حزبی دیموكراتی كوردستان، كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و سازمانی خەباتی كوردستان لە بارەگای (حدك) لە ئاستێكی باڵادا كۆدەبنەوە".
گوتیشی: "تەوەری گفتوگۆكان لەسەر دوا ھەڵوێستیان دەربارەی خۆپێشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان دەبێت".
لە 28/12/2017، خۆپێشاندان لە چەند شارێكی ئێران دەستیپێكرد، دواتریش لە چەند شارێكی رۆژھەڵاتی كوردستان خەڵك رژانە سەرشەقام، خۆپێشاندەران دروشمیان دژی حكومەتی ئێران و بێكاری و بێدادی دەگوتەوە. لە سەروبەندی خۆپێشاندانەكاندا حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە چەند راگەیەندراوێكی جیاوازدا پشتگیری خۆیان بۆ خۆپێشاندەران دەربڕی.