به‌ريتانيا داواى گفتوگۆى نێوان توركيا و په‌كه‌كه ده‌كات
توركيا زۆر په‌رێشانه و ره‌وشێكى ئه‌منى خراپى هه‌يه به هۆى په‌كه‌كه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى به‌ريتانيا به گرنگى ده‌زانێت له پێناو سه‌قامگيرى ئاسايشى توركيا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى دانووستانى ئاشتى له نێوان توركيا و په‌كه‌كه ده‌ستپێبكات.
ليژنه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى گشتيى به‌ريتانيا (په‌رله‌مان) به ئاماده‌بوونى وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئه‌ليستاير بێرت، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له وه‌ڵامى پرسيارێكى په‌رله‌مانتاراندا سه‌باره‌ت به توركيا و په‌كه‌كه، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئه‌ليستاير بێرت گوتى: "توركيا زۆر په‌رێشانه و ره‌وشێكى ئه‌منى خراپى هه‌يه به هۆى په‌كه‌كه و ده‌بێت ئێمه هه‌وڵ بده‌ين به دانووستان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات".
هه‌روه‌ها گوتى: "چاره‌سه‌رى كێشه‌ى سووريا هاوكارێكى باش ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى نێوان په‌كه‌كه و توركيا".
گوتيشى: "بڕيارى تاكلايه‌نه سه‌ركه‌وتن نييه بۆ هيچ لايهكيان و پێمان وايه پشتيوانى توركيا و په‌كه‌كه و هه‌سه‌ده بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه بڕوايه‌ك كه به دانووستان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و دهرفهتيش بۆ توركيا بڕه‌خسێت كه ئاوڕ له رابرودووى بداته‌وه".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، "له رابردوودا ئه‌و كاته‌ى توركيا دانووستانى له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه هه‌بوو، ره‌وشێكى باشترى هه‌بوو. بۆ نا با ئه‌وه بكرێت و پێم وايه ده‌رفه‌تێكى باش ده‌هێنێته پێشه‌وه".
.jpg)
ره‌تيشيكرده‌وه ئاگادارى ئه‌وه بن كه له نێوان په‌كه‌كه و يه‌په‌گه‌دا په‌يوه‌ندى هه‌بێت و گوتى: "ئێمه به هيچ شێوه‌يه‌ك نهمانزانيوه و نيگه‌ران بووين ئه‌گه‌ر راست بێت په‌يوه‌ندييه‌ك له نێوان يه‌په‌گه و په‌كه‌كه‌دا هه‌بێت نيگه‌رانين".
روونيشيكرده‌وه، "به‌ريتانيا هيچ به‌ڵگه‌يه‌كى له‌به‌ر ده‌ست نييه بيسه‌لمێنێت په‌كه‌كه و په‌يه‌ده و يه‌په‌گه په‌يوه‌ندييان به‌يه‌كه‌وه هه‌بێت و به‌ريتانيا راوێژى داوه‌ته يه‌په‌گه له باره‌ى هه‌بوونى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه و ئه‌و چه‌كانه‌شى دراونه‌ته يه‌په‌گه نه‌گه‌يشتوونه‌ته ده‌ست په‌كه‌كه و له‌و باره‌يه‌وه هيچ زانيارييهكم نييه".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمه له نيگه‌رانى توركيا تێده‌گه‌ين و هيچ چه‌كێكى به‌ريتانى نه‌گه‌يشتووه‌ته ده‌ست په‌كه‌كه".
ئ.ر