لە كەركووك بڕیار لە پێكھێنانی لیستی ھاوپەیمانی كوردستانی دەدرێت

پارتی و یەكێتی چاوەڕێی لایەنەكانی دیكەن

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە كەركووك، نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە سنووری كەركووك كۆببنەوە، بۆ ئەوەی لیستی ھاوپەیمانی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق رابگەیەنن.

ئەحمەد رەفیق، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی یەکێتی لە کەرکووك بە کوردستان24 راگەیاند: "پڕۆژەی یەك لیستی لە بنەڕەتەوە پێشنیاری یەکێتی و پارتییە و بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش، سەرجەم حزبەکان بانگێشتکراون، ئەگەر هەمووان ئامادەبن ئەوا بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدرێت".

ھەر سەبارەت بەو پرسە عەدنان کەرکوکی، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکووك بە کوردستان24 گوت: "ئێمە وەك پارتی مەرجمان ئەوەیە سەرجەم حزبەکان لەو هاپەیمانییەتییە بەشداری بکەن، بە گۆڕان و کۆمەڵ و لیستەکەی بەرهەم ساڵحیشەوە، ئەگەرنا قسەیەکی دیکەمان دەبێت".

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ كوردستان24 روونیكردەوە: "نوێنەری پارتی لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کەرکووك بەشدارنابێت، بەڵام یەکێتییان سەرپشك کردووە لەوەی ئەوان لەگەڵ یەك لیستی حزبەکانن بۆ هەڵبژاردن".

بەپێی ئەو وادەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە، ئەمرۆ دوایین رۆژە بۆ پێشكەشكردنی ھاوپەیمانیەتی بە مەبەستی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق كە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ھ.م