"ئێران یاره‌كانی ده‌خاته كه‌شتیی نوحی عه‌بادییه‌وه"
سه‌در نیگه‌رانه و به سه‌نگه‌ربه‌ندی تائیفی ناوی ده‌بات
K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له هاوپه‌یمانێتی نێوان، لیسته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ هادی عامری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در و سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌مار حه‌كیم رێبه‌ری ره‌وتی حیكمه نیگه‌رانه و به‌هۆی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌وه سه‌ره‌خۆشی له خه‌ڵكی عێراق كردووه.
سه‌در سه‌ركۆنه‌ی هاپهیمانێتییهكانی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق، به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانێتی نێوان عه‌بادی و عامری و دواجاریش لیسته‌كه‌ی عه‌مار حه‌كیمی كردووه‌و به سه‌نگه‌ربه‌ندی تائیفی ناویبردووه.
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت: "سه‌ره‌خۆشی له گه‌لی تێكۆشه‌ر و ئارامگرتووی عێراق ده‌كه‌م، چونكه به‌هۆی ئه‌و رێككه‌وتنه سیاسی و سهنگهربهندییه تائیفیانه‌ی كراون، رێگه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوونی گه‌نده‌ڵه‌كان خۆش بووه. هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییان به ئێمه‌شه‌وه كردووه بچینه ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌وه، به‌ڵام به‌ته‌واوی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌مان ره‌تكردووه‌ته‌وه".
ئه‌و پیاوه ئایینییه‌ی شیعه‌كانی عیراق كه رێبه‌رایه‌تی ره‌وتێكی میللی و سیاسی ده‌كات ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی روویداوه زۆر سه‌یر و نامۆیه كه عه‌بادی كردوویه‌تی، ئێمه پێمانوابوو یه‌كه‌مین بایه‌خی بۆ نیشتمانپه‌روه‌ری و چاكسازی ده‌بێت، به‌ڵام هیوادارین خوای گه‌وره پاداشتی هه‌موو چاكسازیخوازان بداته‌وه‌و هه‌روه‌ها پاداشتی ئه‌وانه‌ش بداته‌وه كه دڵیان بۆ تائیفییه‌ت و حزبایه‌تی لێدهداتن".
له‌باره‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه رۆژنامه‌ی "الاخبار"ـی لوبنانی له راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه "لیستی نه‌سر" كه حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌گه‌ڵ عامری و حه‌كیم پێكه‌وه كۆكردووه‌ته‌وه، وه‌ك "كه‌شتییه‌كه‌ی نوح" ناوده‌برێت و به ئامۆژگاری قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ئه‌و هێز و سه‌ركردانه له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه".
ئه‌مه له كاتێكدایه كه به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌كانی چاودێرانی ره‌وشی عێراق، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه هیواكانی له‌سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ڵچنیبوو تا عێراق له‌ژێر هه‌ژموونی ئێران بێنێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام دواجار سه‌رۆكوه‌زیران به رێنمایی ئێران، په‌یوه‌ندی به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌وه كرد كه له‌لایه‌ن ئیرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت و به‌شێكی دیاری سه‌ركرده‌كانیان فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرن.