لاڤرۆڤ: له‌ هه‌وڵه‌كانى ئه‌مريكا بۆ دامه‌زراندنى سوپايه‌ك له‌ سووريا نيگه‌رانين

چاوەڕوانی روونکردنەوەی ئەمریکاین لەوبارەیەوە

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، "هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ درووستکردنی سوپایەک لە سووریا کە زۆرینەی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکدێت، مایەی نیگەرانییە".

سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە مۆسکۆی پایتەخت سازیکرد و سەبارەت بە پلانەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ''هێزی ئاسایشی سنوور'' لە سووریا، رایگەیاند، ''ئێمە پێمان وایە ئەم بڕیارە تاکلایەنەیە کە هاوشێوەی ئاگادارکردنەوەیە، زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگەیەنێت''. 

لاڤرۆڤ ئاشکرایکرد بڕیارەکە بە مانای ئەوە دێت کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە سووریا لەسەر سنووری هەریەک لە تورکیا و عێراق دادەبڕێنرێت و رایگەیاند، ''بە هۆی ئەم بابەتە جددییەوە ئەو هەنگاوانەی سەبارەت بەو ناوچانەی سووریا دەگیرێنە بەر، نیگەرانیی بەدوای خۆیاندا دەهێنن''.

وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەوەکرد بڕیارەکەی ئەمریکا لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەوتننامەکانی پێشتردا یەکناگرێتەوە و گوتى: ''هاوشێوەی هاوتا تورک و ئێرانییەکانمان، ئێمەش چاوەڕوانی روونکردنەوەی ئەمریکاین لەوبارەیەوە. پێمان وایە ئەو بڕیارە رەنگە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگەیەنێت''. 

لاڤرۆڤ سەبارەت بە دۆخی کوردانی سوویا، گوتى: ''ئەم پرۆژە تاکلایەنەیەی ئەمریکا کە هاوشێوەی ئاگادارکردنەوەیە لە پێناو دامەزراندنی سوپایەکدا لە سووریا، رەنگە ببێتە مایەی درووستکردنی کێشە لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و کوردەکاندا و ناتوانێت هاوکاری کپکردنەوەی ئەو دۆخە بێت کە لە عەفرین هەیە. ئامانجی ئێمە لە عەفرین دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی تەواوەتییە''.

لاڤرۆڤ وەبیری هێنایەوە لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و ئێراندا بەردەوامن لە کارەکانیان سەبارەت بە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا و گوتى: ''هیوامان وایە هاوبەشە تورکەکانمان هەرچی زووە کارەکانی دامەزراندنی خاڵەکانی چاودێریی لە ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب و دەورووبەری لە پێناو رێگرییکردن لە شەڕانگێریی نوێ، تەواو بکەن. لە ئێستادا سێ خاڵی چاودێریی دامەزرێنراون و کۆی گشتیی 20 خاڵی چاودێریی دادەمەزرێنرێت. ئومێدەوارین لە رێگەی دامەزراندنی ئەم خاڵانەوە دۆخی ئیدلب ئارام ببێتەوە''.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ.