پلانی سوپای توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری عه‌فرین ئاشكرا ده‌بێت
خه‌به‌ر تورك: 150 بنكه‌ی یه‌په‌گه ده‌كرێنه ئامانج
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "خه‌به‌ر تورك" پلانی سوپای توركیا بۆ هێرشكردنه سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرا ده‌كات و نوسیوویه‌تی "له ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا 150 بنكه‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" به چڕی بۆردوومان ده‌كرێن".
رۆژنامه توركییه‌كه له زاری سه‌رچاوه‌ی سه‌ربازی سوپای توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه كه "هه‌واڵگریی توركیا چاودێری وردی شاری عه‌فرین و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كردووه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌دایه، له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017ـه‌وه به رێگای فڕۆكه‌ی چاودێری و زانیاریی هه‌واڵگریی، زانیاریی وردی داوه‌ته ئه‌و هێزانه‌ی له ده‌وروبه‌ری عه‌فرینن و سه‌ر به توركیان. تا رۆژی 16/12/2017، 149 ئامانجی سه‌ربازیان دیاریكردووه‌و پلانی بۆردوومانكردنیان بۆ داڕشتووه كاتێك ئۆپراسیۆنه‌كه ده‌ستپێده‌كات".
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "له‌ناو ئه‌و ئامانجانه‌دا، پێگه‌ی هه‌میشه‌یی و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی سه‌ر به یه‌په‌گه دیاریكراون و له قۆناغی یه‌كه‌مدا كه ماوه‌ی 6 رۆژ ده‌خایه‌نێت بۆردوومان و بۆمباران ده‌كرێن و جگه له فڕۆكه‌كانی توركیا، تۆپخانه‌كانیش كه له سه‌ر سنوور دانراون به‌شداریی ده‌كه‌ن".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی خه‌به‌ر تورك، ئه‌گه‌ر پێویست بكات، توركیا هێزی تایبه‌تیش ده‌نێرێته ناوچه‌كه و هێزی ده‌سته‌بژێر و ئه‌و هێزانه‌ی توانای شه‌ڕی سه‌ختیان هه‌یه بۆ شه‌ڕه‌كه ئاماده‌كراون تا پرۆسه‌ی كێوماڵكردنی كۆتایی عه‌فرینیش ئه‌نجام بده‌ن. له به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌كانی یه‌په‌گه سه‌نگه‌ره‌كانیان قایم كردووه و خه‌نده‌قیان لێداوه‌و كه‌وتوونه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه".
پێشتریش سیپان حه‌مۆ، فه‌رمانده‌ی گشتی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" هه‌ڕه‌شه له ئه‌ردۆغان كردبوو و له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی فورات نیووز گووتی: "قه‌ده‌ری ئێمه وایه كه ناوچه‌كه له به‌ڵای ئه‌ردۆغان رزگار بكه‌ین".
لێدوانه ئاگرینه‌كانی به‌رپرسانی توركیا پاش راگه‌یاندنی پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌تی پاسه‌وانی سنوور كه یه‌په‌گه به‌شێكی ئه‌و هێزه ده‌بن توندتر بووه‌و له‌سه‌ر زه‌ویش جووڵه‌ی سه‌ربازی سوپای توركیا له سنووره‌كانی عه‌فرین زیاتر بووه.