پەرلەمانی عێراق بودجە و یاسای هەڵبژاردنەکان تاوتوێ دەکات
"ئەگەر رێككەوتن نەكرێت رێژەی یاسایی تەواو نابێت"
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و یاسای هەڵبژاردنەکانەوە كۆدەبێتەوە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە کوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و یاسای هەڵبژاردنەکانەوە دەکات".
گوتیشی: "کورد و سوننە دژی پرۆژەیاسای بودجەن و هاوکات شیعە و سوننەش لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان ناکۆکن".
نەجیبە نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەگەر رێککەوتن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و یاسای هەڵبژاردنەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان نەکرێت، ئەوا ئەستەمە رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان تەواو ببێت".
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ئەمڕۆ دواخرا.