نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی باڵای ئێران چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن
دوای بەغدا شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ بەرپرسانی تاران كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری دوێنێ ئێوارە گه‌یشتنه تاران.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بڕیاره ئەمڕۆ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئێران كۆببنه‌وه و تاوتوێی په‌یوه‌ندییەكانیان له بواره جیاوازه‌كاندا بكه‌ن.
ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کە سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێمی کوردستان بۆ تاران دوای داوه‌تێكی فه‌رمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران هات. ئه‌مه یه‌كه‌مین سه‌ردانی شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه بۆ ئێران دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیاندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له کۆبوونەوەکەدا دوا پێشهاته سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوە. هه‌ردوولا هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر دوا پێشوه‌چوونه‌كانی گفتوگۆكانی نێوان تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و خاله سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم كرد و به‌رده‌وامیی ئه‌و كۆبوونه‌وه و دیدارانه‌یان به‌مه‌به‌ستی هه‌رچی زوو ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان، دووپات كرده‌وه.
هەر بە گوێرەی راگەیاندراوەکە تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به بواره‌كانی نه‌وت و پابه‌ندبوون به ده‌ستووری عێراقه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.