فۆكس نیوز: رووسیا هه‌مانگی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه
توركیا تووڕه‌یی خۆی له ئه‌مه‌ریكا به عه‌فرین ده‌رده‌بڕێت
K24 - هه‌ولێر:
تۆڕی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكا، دوێنێ شه‌ممه راپۆرتێكی له باره‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتوونی توركیا له عه‌فرین بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، پرۆسه‌كه ئاڵۆزه و توركیاش ناكۆكییه‌كانی نێوان رووسیا و ئه‌مه‌ریكا قۆستووه‌ته‌وه.
ئه‌و تۆڕه هه‌واڵییه، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیا به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و واشنتن وه‌سف كرد و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ردۆغان سوودی له ناكۆكی نێوان ئه‌مه‌ریكا و رووسیا وه‌رگرتووه له سووریا.
به گوێره‌ی فۆكس نیوز، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌واو له نێوان توركیا و رووسیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌تایبه‌تیش له شاری ئیدله‌ب، كه پێگه‌ی به‌هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایه.
وه‌ك له راپۆرته‌كه‌ی فۆكس نیوز ئاماژه‌ی بۆ كراوه، توركیا به‌و ئۆپه‌راسیۆنه رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگێكی نوێ ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و هاوپه‌یمانه كۆنه‌كه‌یه‌تی كه ئه‌مه‌ریكایه، هاوكات نزیكبوونه‌وه‌یه له مۆسكۆ.
ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ش له كاتێكدایه، كه سووریا خه‌ریكه پێده‌نێته ململانێیه‌كی دیكه‌ی نوێی سه‌ربازی، دوای ماوه‌یه‌ك له هه‌وڵ بۆ دانانی سنوورێك بۆ توندوتیژییه‌كان له‌گه‌ڵ پلانی زیاتر بۆ سه‌قامگیری، له هه‌مان كاتدا، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی سووری له ترسی گیانی خۆیان و بۆ رزگاربوون له شه‌ڕ، له باكووری رۆژئاوای وڵات، نزیك سنوور بوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش دوای هێرشه‌كانی سوپای رژێمی ئه‌سه‌د، بۆ سه‌ر سوپای سووریا ئازاد.
هۆكاری ململانێكان
به گوێره‌ی فۆكس نیوز، هۆكاری ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكایه بۆ درووستكردنی هێزێكی تایبه‌ت به پاراستنی سنووره‌كان، كه خۆی له 30 هه‌زار سه‌رباز ده‌بینێته‌وه له رۆژئاوای كوردستان، ئه‌ركی سه‌ره‌كیشیان پاراستنی سنووره‌كانی توركیا و عێراق ده‌بێت بۆ رێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش.
به‌ر له چه‌ند رۆژێكێش ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی ماوه‌یه‌كی زیاتر له سووریا ده‌مێننه‌وه و سوپایه‌كی 30 هه‌زار سه‌ربازی كوردییش بۆ پاراستنی سنوور داده‌مه‌زرێنێت.
فۆكس نیوز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، رووسیا هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ توركیا له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، ئه‌گه‌ر هاوكاریشی نه‌كات، به‌لای كه‌مه‌وه رووبه‌ڕووی نابێته‌وه.
دوای چه‌ند كاتژمێرێكیش له ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، رووسیا سه‌ربازه‌كانی خۆی له عه‌فرین كشانده‌وه بۆ دووركه‌وتنه‌وه له ئه‌گه‌ری پێكدادان له‌گه‌ڵ توركیا.
چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیش به‌ر له ئێستا توركیا مانۆرێكی سه‌ربازی له دژی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی رژێمی سووریا، له ناوچه‌ی "ئه‌بوزهور"ی ئیدله‌ب ده‌ستپێكرد، ناوچه‌كه‌ش له‌ژێر كۆنتڕۆڵی كه‌تیبه‌كانی سوپای ئازادی سووریایه كه له‌لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتی ده‌كرێن.
هه‌ریه‌ك له وڵاتانی رووسیا، ئێران و توركیا له یه‌ك كاتدا ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی له سووریا بوونی هه‌یه و هه‌ر یه‌كێكیان دژایه‌تی خۆی بۆ پلانه‌كانی واشنتن بۆ درووستكردنی ئه‌و هێزه سنوورییه نیشانداوه، كه به هه‌وڵێكی ئه‌مه‌ریكایان وه‌سفكردووه بۆ درووستكردنی ناوچه‌یه‌كی دابڕێندراو كه هیچ ههژموونێكی ئێران و رژێمی سووریای تێدا نه‌بێت.
به‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌ی عه‌فرین، توركیا هه‌وڵده‌دات خه‌ونی كورد له سووریا له بار به‌رێت و نه‌توانێت فه‌رمانڕه‌واییه‌كی فیدرالی له باكووری سووریا درووست بكات، هاوكات ده‌بێته پاڵپشتییه‌ك بۆ سوپای ئازاد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه له شاره‌كه ده‌ربكات.
پێشتریش توركیا ژماره‌یه‌كی زۆر هێزی سه‌ربازی و تانك و زریپۆشی بردووه‌ته ئیدله‌ب بۆ چاودێریكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه سنووری كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان، كه له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون.
تووڕه‌یی توركیا له ئه‌مه‌ریكا
وه‌ك فۆكس نیوز ئاماژه‌ی بۆ كردووه، له ئێستادا توركیا نیگه‌رانییه‌كانی له پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا بۆ یه‌په‌گه زیاتر بووه، به‌تایبه‌تیش كه 25%ی خاكی سووریای له ژێر كۆنتڕۆڵدایه و له‌گه‌ڵ سنووری توركیا و عێراق درێژبووه‌ته‌وه.
ئیلنوور چه‌ڤیك، راوێژكاری ئه‌ردۆغانیش له رۆژنامه‌ی سه‌باح نووسیویه‌تی: "توركیا دۆستێكی دڵسۆز و متمانه‌پێكراو و هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوایه، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نایه‌ت قه‌بووڵمان بێت وه‌ك ئاژه‌ڵێكی قوربانی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكرێت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو جه‌نه‌رالی ئه‌مه‌ریكی ده‌یانه‌وێت سه‌ركێشی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ن".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا دووپاتكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام راشیگه‌یاندووه، گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ له سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌یدا به‌رامبه‌ر به سووریا رووینه‌داوه.
ئه‌لیزابێس تیومان، شاره‌زا له كاروباری توركیا له په‌یمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ی جه‌نگ، ده‌ڵێت: "ئێستا ره‌وشه‌كه خراپتر بووه، ئه‌ردۆغان لێدوانه‌كه‌ی تیله‌رسن به درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، به پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هێزه كوردییه‌كان وه‌سف ده‌كات، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی توركیای زیاتر كردووه".