"لە ئێران 200 ھاووڵاتی كورد دەستگیر دەكرێن"
حەوت لە دەستگیركراوان ئافرەتن
K24 - ھەولێر
لە درێژەی خۆپێشاندانەكانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستاندا 200 ھاووڵاتی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كراون كە 7 یان ئافرەتن.
ناوەندی مافی مرۆڤی ھەنگاو، ناسنامەی 7 لە دەستبەسەركراوانی خۆپێشاندانە نارەزاییەكانی ئەمدواییەی بڵاوكردۆتەوە، كە ئافرەتی خەڵكی شارەكانی كرماشان و ئیلام و ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستانن. تا ئێستاش جگە لە یەك كەس، چارەنووسی 6 كەسەكەی دیكەیان نادیارە.
لە گەڵ دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان دژ بە دەسەڵات و گەندەڵی لەو وڵاتە، لە یەك مانگی رابردوودا زیاتر لە 5 ھەزار كەس دەستگیر كراون و 25 كەسیش لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە كوژران كە 3 كەسیان ھاووڵاتی كوردی رۆژھەڵاتی كوردستان بوون و لە زیندان گیانیان لەدەستدا.