ماڕادۆنا: كریستیانۆ با 5 خه‌ڵاتی تۆپی زێرن بباته‌وه‌، هه‌ر باشترین نییه‌

ماڕادۆنا دیسان وه‌ڵامی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌داته‌وه‌

دیێگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا دیسان وه‌ڵامی كریستیانۆ رۆناڵدۆی دایه‌وه‌ كاتێك خۆی به‌ باشترین یاریزانی مێژوو وه‌سف كردووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌فسانه‌ ئارجێنتینایه‌كه‌ ده‌ڵێت: با كریستیانۆ 5 خه‌ڵاتی تۆپی زێرین بردبێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر باشترینی مێژوو نییه‌.

دیێگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت: رێزم بۆ ژیانی پیشه‌گه‌ری وه‌رزشی كریستیانۆ هه‌یه‌، به‌ڵام واهه‌ست ناكه‌م كریستیانۆ باشترینی مێژوو بێت.

ماڕادۆنا ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر بته‌وێت باشترین یاریزانی مێژوو ده‌ستنیشان بكه‌یت، ده‌بێت زۆر به‌ وردی له‌ ده‌ستپێكی تۆپی پێ تا ئێستا سه‌یر بكه‌یت، پاشان به‌پێی توێژینه‌وه‌ و سه‌رده‌مه‌كان باشترینه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌یت، چونكه‌ ناكرێت به‌ ئاسانی و به‌ یه‌ك رسته‌ بڕیار له‌سه‌ر باشترینی مێژوو بده‌یت.

له‌ ئێستا بۆچوونی جیاواز له‌ باره‌ی باشترینی مێژوو هه‌یه‌، كه‌سانێكی زۆر پێلێ ئه‌فسانه‌ی به‌رازیلی به‌ باشترین ده‌زانن، زۆرجاریش به‌هۆی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌گه‌ڵ ئارجێنتینا و یانه‌ی ناپۆلی بردوویه‌تییه‌وه‌ ماڕادۆنا به‌ باشترینی مێژوو وه‌سف ده‌كه‌ن، لیۆنێل مێسی له‌سه‌رده‌می ئێستا هاوشانی كریستیانۆ له‌ لایه‌ن زۆرێك له‌ چاودێران به‌ باشترینه‌كانی مێژوو داده‌نێن.