توركیا چاوه‌ڕوانی ئه‌مریكایه
ئیبراهیم كالن: ئه‌مریكا به‌ڵێنی زۆره و پێوه‌ی پابه‌ند نییه
K24 - هه‌ولێر:
ئیبراهیم كالن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا كه ئێستا سوپای وڵاته‌كه‌ی و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه ئه‌نقه‌ره پاڵپشتیان ده‌كات ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه ئۆپراسیۆنی "چڵه زه‌یتوون"ـنیان بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین ده‌ستپێكردووه‌و له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه له شه‌ڕدان ده‌ڵێت: "ئه‌نقه‌ره چاوه‌ڕوانه واشنتن ته‌واوی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل رابگرێت، نه‌ك ته‌نها به‌ڵێن بدات و پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بێت".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 24/1/2018 كالن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتوویه‌تی: "پێشتر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڵێنی پێداین، هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و یه‌په‌گه پێگه‌كانیان له شاری منبج چۆڵ ده‌كه‌ن، زۆر به‌ڵێنی دیكهیشیاندا، به‌ڵام به بهڵێنهكانیانهوه پابه‌ند نه‌بوون. ئێستا ئێمه چاوه‌ڕوانین ئه‌مریكا ته‌واوی یارمه‌تییه‌كانی له هه‌سه‌ده و یه‌په‌گه رابگرێت".