سه‌رۆك بارزانی: نانبڕینی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ستووری پێشێلكرد نه‌ك ریفراندۆم

سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ل فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبۆوه‌

K24- هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ گوته‌یه‌كدا له‌ سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ل فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێشكه‌شیكرد، تیشكی خستەسەر دوایین پێشهاتە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچە و جیهان له‌باره‌ی هەرێمی كوردستان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆك بارزانی وردەكاریی ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری شی كردەوە و، پەیوەست بە بابەتی ڕیفراندۆمیش جەختی لە ڕەوایەتی و ئاشتیانە بوونی ڕیفراندۆمی كردەوە، كە مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی كوردستان بووە. هه‌وره‌ها ئاماژەی بەوەشدا، پێشێلكردنی دەستوور، تەوافوق، شەراكەت و نانبڕینی خەڵكی كوردستان بوو، كە هانی گەلی كوردستانی دا، ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابا هەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت.

سه‌باره‌ت به‌ مامەڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاتەكان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، سه‌رۆك بارزانی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.

هه‌ر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كورتەیەكیان لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق، بابەتی هەڵبژاردنەكان و هاوكێشە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان خستەڕوو. هەروەها ڕا و سەرنج و پێشنیازی خۆیان بۆ چۆنیەتی كاركردن و دانانی چوارچێوەی پێویست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد.

ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 1ـی 2018 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبۆوە.