شاندێكی ئێران سه‌ردانی سعوودیه ده‌كات
به‌رپرسێكی ئێرانی: حه‌جكردن مژاری سه‌ره‌كی سهردانهكهمانه بۆ سعوودیه
K24- هه‌ولێر:
عه‌لی قازی عه‌سكه‌ر، نوێنه‌ری رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری زیاره‌ت و حه‌جكردن رایگه‌یاند، به‌منزیكانه شاندێكی وڵاته‌كه‌یان سه‌ردانی عه‌ره‌بستانی سعوودیه ده‌كات.
ئه‌و لێدوانه‌ی عه‌سكه‌ر له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی رێكخراوی حه‌ج و زیاره‌تی ئێرانی له شاری تاران هاتووه و گوتی، "له‌ماوه‌ی رۆژانی داهاتوودا شاندێكی پسپۆرانی ئه‌و رێكخراوه سه‌ردانی سعوودیه ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به حه‌جكردن".
به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئێران، نوێنه‌ری رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی بۆ كاروباری حه‌ج سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و شانده ده‌كات و، وه‌ك ئاماژه‌یان پێكرد "عه‌سكه‌ر جه‌ختی كردۆته‌وه، به‌های دراو، نرخی پلیتی فڕۆكه و شوێنی مانه‌وه‌ی حاجیان، سێ هۆكاری سه‌ره‌كین له خه‌رجییه‌كانی حه‌جكردن"، هه‌روه‌ها گوتیشی: "پێویسته له‌سه‌ر هه‌موو به‌رپرسانی وڵات رۆڵی خۆیان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م حه‌ج و زیاره‌تكردن بگێڕن".
قازی عه‌سكه‌ر رایگه‌یاند: " به‌هۆی گرنگی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی باڵای حه‌جی پێ سپێردراوه و، پێویسته هه‌موو به‌رپرسانی دیكه‌ی ئێرانیش به‌شداری له چاره‌سه‌ركردنی له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م حه‌جكردن بكه‌ن".
ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵه، گرژییه‌كانی نێوان سعوودیه و ئێران رۆژ به‌ڕۆژ ئاڵۆزتر ده‌بن و، به به‌رده‌وامی یه‌كتر به فراوانخوازی هه‌ژموون و ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌شداریكردنی زیاره‌تكارانی ئێرانی بۆ ماڵی خودای له سعوودیه كردووه و، له سه‌ره‌تای گرژییه‌كان بۆماوه‌ی ساڵێك زیاره‌تكارانی ئێران نه‌یانتوانی حه‌ج بكه‌ن، به‌ڵام له ساڵی رابردوودا ئه‌و ده‌رفه‌ته به حاجیانی ئێرانی درایه‌وه.