یەكێتی بڕیاری كۆتایی دەدات

سەركردایەتی یەكێتی یەكلایی دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەستنی كۆنگرەی حزبەكە بدات.

دوای ئەوەی دوێنێ لە شاری سلێمانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە، نەتواندرا بگەنە ھیچ بڕیارێكی كۆتایی لەبارەی كاتی بەستنی كۆنگرە، پاش كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، بە شێوەیەكی سەرەتایی رێككەوتوون كە سەرەتای مانگی 3 یەكێتی كۆنگرە ببەستێت، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی دەدەن، ئەوەش دوای ئەوەی راوێژكردن بە ئەندامانی دیكەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كە ئامادەی كۆبوونەوەكەی دوێنێ نەبوونە.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، رایگەیاندبوو كە لە سەرەتای مانگی ئادار كۆنگرەی یەكێتی دەبەسترێت، بەڵام بۆ دوا بڕیار یەكێتی چاوەڕێی گەڕانەوەی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی حزبەكەی دەكرد.