یاریزانەکانی ریال مەدرید دەیانەوێت کودەتا دژی زیدان بکەن؟
ئەم وەرزە کەس بەخیلی بە زیزۆ نابات و هاندەران بۆیەکەمجار بەرامبەر لیگانێس فیکەیان بۆ لێدا
K24- هەولێر
پێچەوانەی ساڵی رابردوو ئێستا کەس بەخیلی بە زینەدین زیدان نابات، خەریکە ئەوەی لە 2017 بەدەستیهێناوە، لە 2018 دەیداتەوە، پار دەستی بۆ هەر شتێک بردبا دەبووە زیڕ، بەڵام ئەمساڵ دەستی بۆ هەر شتێک دەبات دەبێتە خۆڵ.
ماڵئاوایی ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا شکستێکی دیکەی ریال مەدرید بوو لەم وەرزە و پاڵەپەستۆیەکانی سەر زیدانیان زیاتر کرد.
زیدان شکستەکەی ریال مەدریدی بەرامبەر لیگانێس خستە ئەستۆی خۆی، بەڵام رایگەیاند تا کۆتایی دەجەنگێت.
سیخریۆ رامۆس پێیوایە زیدانیش مرۆڤە و هەڵە دەکات و رەتیدەکاتەوە هۆکاری سەرەکی ئەنجامە خراپەکانی مێرێنگی زیدان بێت، بەڵام هاندەرانی شایانەکان دوای شکستەکەیان بەرامبەر لیگانێس بۆیەکەمجار فیکەیان بۆ زیدان و تیپەکەی لێدا و زیزیۆیان بە هۆکاری ئەو شکستە دانا، کە زیزۆ بۆ یارییەکە بانگههێشتی یاریزانە سەرەکییەکانی نەکرد و بە پێکهاتەیەکی یەدەگ یارییەکەی ئەنجام دا.
رۆژنامەکانی مەدرید بۆنی کودەتا دەکەن و رۆژنامەی مارکای ئیسپانیا رایگەیاندووە، گومان دەکرێت بەشێک لە ئەستێرەکانی ریال مەدرید وەکو جاران ئامادە نەبن یاریی بۆ زیزۆ بکەن و بیانەوێت کودەتا بەسەر راهێنەرە فڕەنسییەکەیاندا بکەن، گەرچی رۆژنامەکان هیچ بەڵگەیەکیان بۆ بوونی ئەو کودەتایە نییە، بەڵام دۆخی ئێستای ریال مەدریدیان بە دۆخی چەند وەرزێک لەمەوبەری لێستەر سیتی و چێڵسی چواندووە، کە یاریزانانی هەردوو یانە ئینگلیزییەکە تاکو خۆزێ مۆرینهۆ و کلاودیۆ رانیێری دوورخرانەوە، ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشکەش نەدەکرد.
زیدان شەوی شکستەکەی بەرامبەر لیگانێس بە خراپترین شەوی خۆی دانا و رەتیکردەوە لە یاریزانەکانی تووڕە بێت، بەلکو دۆڕانەکەی بە شکستێکی ئاشکرای خۆی دانا و سەرزەنشتی خۆی کرد.
رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرمان لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ تاقیکردنەوەیەکی سەخت و یەکلاکەرەوەی ئەم وەرزەی زیزۆ دەبێت و ئەگەر ریال مەدرید ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ بکات، ئەوا زیزۆ وەرزێکی رەش لە مێژووی مەدریدییەکان تۆمار دەکات و نزیک دەبێتەوە دوایین بزمار لە تابووتی خۆی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بدات.

گرنگترین قسەکانی زینه‌دین زیدان - راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید لە پرێس کۆنفرانسی دوای یاریی لیگانێس:
من زۆر توڕه‌م، به‌ڵام له یاریزانه‌كان نا،بەڵکو لە خۆم، من لەم شکستە بەرپرسیارم و لێره زۆر هه‌ڵه‌مان كرد، باشترین چاره‌سه‌ر شرۆڤه‌كردنی هه‌ڵه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بین چونكه زۆر یاری دیكه چاوه‌ڕێمان ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستی پاریس سانجێرمان له چامپیۆنزلیگ تێنه‌په‌ڕێنین بێگومان پۆسته‌كه‌م ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه چونكه من به‌رپرسیارم، نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له بانگهێشتكردنی رۆناڵدۆ و به‌یڵ په‌شیمان نیم چونكه ئه‌وان پێویستیان به پشوو هه‌یه، هه‌ڵه ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆمان دۆڕاین هه‌ڵه‌كه‌ش هی منه و ئەمە شکستێکی ئاشکرای منە و ئەمشەو ناخۆشترین شەوی منە.
من نازانم كه ئه‌م وه‌رزه خراپترینه له مێژووی ریال مه‌درید و گرنگیشی پێ ناده‌م، من داوای لێبوردن له هانده‌ران ده‌كه‌م و پێیان ده‌ڵێم هێشتا 2018 كۆتایی نه‌هاتووه.
رۆژی شه‌ممه یارییه‌كی گرنگمان به‌رامبه‌ر ڤالێنسیا هه‌یه و دواتریش له 14ی فێبرایه‌ر رووبه‌رووی سانجێرمان ده‌بینه‌وه كه گرنگترین یارییه بۆ ئێمه.