سزای 7 ساڵ زیندانی و گەڕاندنەوەی زیاتر لە 40 ملیار دینار بەسەر پەرلەمانتار بەها نووریدا سەپێنرا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەتۆمەتی دەسکەوتی نایاسایی بۆ بەها نووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەرکرد. هەروەها دادگا بڕیاریدا ئەو پەرلەمانتارە بڕی زیاتر لە 40 ملیار دینار وەک قەرەبووی دەستکەوتە نایاساییەکان و سزای دارایی هاوتا بگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای تاوانەکانی دژ بە گەندەڵی ناوەندی، بە پشتبەستن بە بڕگەی دووەمی ماددەی 19ـی یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ـی ساڵی 2011ـی هەموارکراو، ئەو بڕیارەی دەرکردووە.

دادگا بڕیاریدا بەها نووری بڕی 5 ملیار و 887 ملیۆن و 850 هەزار دینار، لەگەڵ 10 ملیۆن و 990 هەزار و 787 دۆلاری ئەمریکی بگەڕێنێتەوە، کە بەهای دەستکەوتە نایاساییەکەیەتی. هاوکات بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی 19ـی هەمان یاسا، سزایەکی دارایی بە بڕی هاوتای دەستکەوتە نایاساییەکە بەسەر ئەو پەرلەمانتارەدا سەپێنراوە.

لە لایەکی دیکەوە، دادگا سزایەکی دیکەی زیندانیکردنی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەسەر بەها نووریدا سەپاند. ئەو سزایەش بەپێی بڕگەی پێنجەمی ماددەی 19ـی یاساکە بووە، بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی ئاشکراکردنی دارایی خۆی. 

دادگا بڕیاریدا سزای قورستر بەسەر ئەو پەرلەمانتارە  جێبەجێ بکرێت و دەست بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانیدا بگیرێت.