سلێمانی.. شانۆگەری 'دڵی خۆم نییە لە سینەمدا' نمایش دەکرێت
شانۆگەری "دڵی خۆم نییە لە سینەمدا"، بە نووسین و دەرهێنانی دێرین حامیدە، ژمارەیەک ئەکتەری بە ئەزموون رۆڵی تێدا دەگێڕن، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش دەکرێت.
چوارشەممە، 16ی ئەیلوولی 2026، دێرین حامید، دەرهێنەری نمایشەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو شانۆگەرییە لە نووسین و دەرهێنانی منە و هەریەکە لە، پێشڕەو حوسێن، سەربەست ئەحمەد، سۆنیا ئاوات، شادی نەجمەدین، گوڵێ حەسەن و کامۆ بارزان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و بڕیارە دوای نمایشەکەمان لە سلێمانی، لە هەولێر و کەرکووک و چەمچەماڵ و هەڵەبجەش نمایشی بکەین."
دێرین حامید سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "ئەم شانۆگەرییە لە ژانری زانستی خەیاڵی و کۆمەڵایەتییە و لە رێگەی چیرۆکی خێزانێکەوە، دەچێتە ناو ململانێیەکی زانستی و پزیشکیی سەردەم و لایەنە ئەخلاقی و فەلسەفییەکانی ئەو پێشکەوتنە دەخاتەڕوو."
ئەو دەرهێنەرە ئەوەشی روونکردەوە، "بابەتی شانۆکە دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنە خێرا و گەورەکانی زانست لە بواری تەندروستی، بە تایبەتی ئەو توانایەی زانستی پزیشکی کە لە رێگەی گۆڕین و ئاڵوگۆڕی ئەندامەکانی جەستەوە، هەوڵ دەدات ژیان درێژتر بکات و مرۆڤ لە مەترسی مردن رزگار بکات."
دێرین حامید باسی لەوەش کرد، "شانۆکە لەگەڵ ئەوەی پرسیار لە سنوور و توانای زانست دەکات، لایەنە ئەخلاقی و فەلسەفییەکانی ئەم پێشکەوتنانەش دەخاتە بەرباس؛ بەتایبەتی ئەوەی کە تا چەند مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەی زانستەوە دەستکاری ژیان و مردن بکات."
شانۆگەری "دڵی خۆم نییە لە سینەمدا"، لە نووسین و دەرهێنانی دێرین حامیدە، بڕیارە 20ی ئەیلوولی 2026، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش بکرێت و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.