ئەنەكەسە: لەگەڵ توركیا ھێرشی سەر عەفرینمان نەكردووە

"ئەو جۆرە هەواڵانەی پەیەدە تەنها خزمەت بە دووژمنانی گەلی کورد دەکات"

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایدەگەیەنێت، هیچ کەسێکی سەر بە هێزەکانیان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین نەکردووە.

نووسینگەی راگەیاندنی (ئەنەکەسە) لە بەیاننامەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەیەکە میدیاکانی نزیك لە پەیەدە هەواڵی ناڕاست لەسەر ئەنەکەسە بڵاودەکەنەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە گروپێک لە چەکدارانی ئەنەکەسە هاوشانی هێزەکانی تورکیا بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر عەفرین کردووە.

 ئەنەکەسە وێڕای رەتکردنەوەی ئەم هەواڵە دەڵێ، هیچ کەسێکی سەر بە هێزەکانیان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەوان هیچ چەکدارێکیان لەسەر خاکی سووریا و تورکیا نییە و ئەو جۆرە هەواڵانەی پەیەدە تەنها خزمەت بە دووژمنانی گەلی کورد دەکات.

ئەو روونكردنەوەی ئەنەكەسە دوای ئەوەدێت لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی نزیك لە پەیەدە، باسی لەوەكردبوو كە ھێزەكانی ئەنەكەسە لەگەڵ توركیا بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر عەفرین كردووە.