9 رۆژه توركیا له عه‌فرین ئاسنی سارد ده‌كوتێ
یه‌په‌گه توركیا به به‌كارهێنانی گازی قه‌ده‌غه‌كراو تۆمه‌تبار ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ بۆ نۆیه‌مین رۆژی له‌سه‌ر یه‌كه، تۆپباران و بۆمبابارانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شاره‌دێ و گونده‌كانی ناوچه‌ی عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان درێژه‌ی هه‌یه. سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی له سووریا له زۆربه‌ی میحوه‌ره‌كانه‌وه هێرش ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆی ستراتیژیان له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ده‌ستنه‌هێناوه.
ناوچه‌ی جندرێس له باشووری رۆژئاوای عه‌فرین، شه‌ڕێكی سه‌ختی تێدا به‌ڕێوه ده‌چێت و له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌وه تا ئێستا، ده‌نگی ته‌قه له نێوان یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" و میلیشیا چه‌كدره‌كانی سووریا كه ئه‌نقه‌ره پاڵپشتیان ده‌كات خامۆش نه‌بووه‌و هه‌ر دوو لایان یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری سكای نیووز، هێزه‌كانی سوپای توركیا هیچ پێشڕه‌وییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر زه‌وی بۆ نه‌كراوه و ماوه‌ی 9 رۆژه ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆیان نه‌بووه. شه‌ڕ له به‌رزایی و میحوه‌ره‌كانی شاره‌دێی راجو له باكووری رۆژئاوای عه‌فرین به‌رده‌وامه و سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا ده‌یانه‌وێت بچنه ناو ناحیه‌كه‌وه".
هه‌ر چه‌نده گرووپه چه‌كداره‌كانی سووریا ده‌ڵێن "كۆنترۆڵی گوندێك و خاڵی ژماره 740ـی ستراتیژی و سه‌ربازگه‌یه‌كی مه‌شق و راهێنانی سه‌ر به یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه"ـیان له چیای راجو كۆنترۆڵكردووه.
كرده سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا له رۆژهه‌ڵاتی عه‌فرینیش به‌رده‌وامه، پاش ئه‌وه‌ی كاروانی سه‌ربازی سوپای توركیا له ناحیه‌ی ئه‌عزازه‌وه هه‌وڵی چوونه ژووره‌وه‌یان داوه‌و ده‌یانه‌وێت به خێرایی له‌سه‌ر زه‌وی پێشڕه‌وی بكه‌ن.
یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل كه كۆنترۆڵیان به‌سه‌ر چیای بورسایای ستراتیژی به‌رده‌وامه ده‌ڵێن "دوو خاڵی بنكه‌ی سه‌ربازی توركیایان له گوندێكی ده‌وروبه‌ری ئه‌عزاز كردووه‌ته ئامانج. جگه له‌وه دوو بنكه‌ی دیكه‌ی سه‌ربازی توركیایان له نزیك مارع و گوندی شعاله و خاڵێكی گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیایان له ته‌ل مالد كه بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی قورس به‌كاردێت كردووه‌ته ئامانج".
یه‌په‌گه ده‌ڵێت: "ده‌یان سه‌ربازی تورك و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئه‌نقه‌ره‌مان كوشتووه".
له‌به‌رامبه‌ریشدا سوپای توركیا ده‌ڵێت: "تا ئێستا ته‌نها 5 سه‌ربازمان كوژراون و 41 سه‌ربازی دیكه‌شمان بریندار بوون".
هه‌روه‌ها سوپای توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه "37 شه‌ڕڤانی یه‌په‌گه شه‌وی شه‌ممه‌ی رابردوو كوژراون و كۆی گشتی ژماره‌ی كوژراوه‌كانیش گه‌یشتووه‌ته 484 كه‌س" وه‌ك ئه‌وه‌ی سوپای توركیا ده‌ڵێت.
كورده‌كان توركیا به به‌كارهێنانی جۆره گازێك تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌كارهێنانی قه‌ده‌غه كراوه‌و سوپای توكیا ناوچه‌كانی عه‌فرینی پێ بۆردوومان كردووه. توركیاش یه‌په‌گه به به‌كارهێنانی چه‌كدارانی پێشووی داعش دژی سوپای وڵاته‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كات، هه‌ر چه‌نده یه‌په‌گه ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكردبووه‌وه.