ئه‌مریكا وه‌ك پێویست یارمه‌تیان نادات و توركیا ئۆپراسیۆنه‌كانی فراوانتر ده‌كات.. كورد ده‌توانێت ده‌ستكه‌وته‌كانی له رۆژئاوای كوردستان بپاریزێ؟
ئیكۆنۆمیست: له‌وانه‌یه پێویست بێت په‌یه‌ده سازش بكات
K24 - هه‌ولێر:
گۆڤاری ئیكۆنۆمیست له راپۆرتێكدا كه رۆژی پێنجشه‌ممه 25/1/2018 بڵاویكردووه‌ته‌وه باسی توانای كورده‌كان بۆ پاراستنی ناوچه‌كانیان له رۆژئاوای كوردستان ده‌كات و نوسیوویه‌تی "كاتێك رۆژی 20/1/2018 تانكه‌كانی توركیا به‌ربه‌سته خۆڵهكانیان شكاندوو چوونه ناو خاكی عه‌فرینه‌وه، كورده‌كان خۆیان له دوو به‌ره‌ی شه‌ڕ بینییه‌وه، یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ سوپای توركیا و میلیشیا سووریییه هاوپه‌یمانه‌كانی و دووه‌میان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش، كه پاش شكسته گه‌وره‌كانیان سه‌رله‌نوێ ده‌ستیان به هێرشكردن كردووه‌ته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ئه‌وكاته زۆر توڕه‌بوون كه ساڵی 2016 پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده" ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا هه‌یه و ده‌كه‌ونه سنووری توركیا، ناونا فیدراڵییه‌تی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا.
په‌یه‌ده‌ش ده‌ڵێت: "ئه‌وه هه‌نگاوێك نییه بۆ جیابوونه‌وه، به‌ڵكو نموونه‌یه‌كه بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی سووریا"، به‌ڵام رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دیش به‌هه‌مان شێوه پێكهێنانی ناوچه‌ی فیدراڵی له سووریا ره‌تكردووه‌ته‌وه.
ئیكۆنۆمیست له شاهۆز حه‌سه‌ن، هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ی گواستووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "ئه‌وه ئه‌زموونێكی دیموكراتییه، ژنان ئاماده‌كراون و لیژنه‌ی گونده‌كان پێكهێنراوه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر رێنوێنییه‌كانی مۆرای بۆكچین، فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی كراوه كه بزووتنه‌وه‌كانی كورد له سووریا و توركیا، به‌شێوه‌یه‌كی فراوان ئیلهامیان له كتێبه‌كانی وه‌رگرتووه".
به‌ڵام ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان فره‌حزبی تێدا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌و په‌یه‌ده ره‌خنه‌گران و حزبه كوردییه نه‌یاره‌كانی ده‌چه‌وسێنێته‌وه.
كورده‌كانی رۆژئاوا له‌و پێشهاته نوێیانه‌ی له رۆژئاوای كوردستان و سووریا رووده‌ده‌ن نیگه‌رانن، سه‌ركرده‌ی حزبه‌كان ده‌ڵێن: "جارێكی دیكه رێگه ناده‌ین رۆژئاوای كوردستان راسته‌وخۆ له دیمه‌شقه‌وه حوكمی به‌سه‌ردا بدرێت، چونكه سه‌رده‌مانێكی زۆره له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی به‌شار ئه‌سه‌د و پێشتریش باوكی‌دا چهوسێنراوینهتهوهو ته‌نانه‌ت خاوه‌ن ناسنامه‌ش نه‌بووین و له موڵكدارێتی بێ بهشكرابووین، نه‌یانده‌هێشت به زمانی خۆشمان بخوێنین، زهوییهكانیشمان داگیركرابوو.
هه‌روه‌ها ده‌ڵین، له‌و خاكه به‌پیته‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و غاز، جگه له چه‌ند وه‌به‌رهێنانێكی كه‌م، هیچی دیكه نه‌كراوه، له به‌رامبه‌ردا رژێمی ئه‌سه‌د، رۆژئاوای كوردستانی به‌ته‌واوه‌تی پشتگوێخست و به‌و هۆیه‌وه هه‌ژارییه‌كی زۆر ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
له كاتێكدا په‌یه‌ده به نه‌یار و دوژمنه‌كانی ده‌وره‌دراوه، ئیستا پێویستی به پاڵپشتییه، پاڵپشتیكاری سه‌ره‌كیشیان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه، چونكه واشنتن باڵی سه‌ربازی په‌یه‌ده كه یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه"ـیه به به‌هێزترین هێزی زه‌مینی ده‌زانێت كه له سووریا، تا دژی داعش پشتیان پێ ببه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره ئه‌و هێزه به "تیرۆریست" ده‌زانێت.
ئه‌مریكا چه‌كی به‌و هێزانه داوه‌و مه‌شق و راهێنانی پێكردوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نزیكه‌ی 2 هه‌زار سه‌ربازی خۆی له سووریا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و نایه‌وێت جارێكی دیكه چه‌كدارانی داعش بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كه و ئێرانیش هه‌ژموونی به‌سه‌ریاندا زیاتر بكات، تا ئه‌وكاته‌ی رێككه‌وتنی ئاشتی ده‌كرێت. چونكه په‌یه‌ده‌ش رێگه به توركیا نادات ناوچه‌كان به‌تایبه‌تی عه‌فرین بخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه.
به‌ڵام رووسیا كه پاڵپشتیی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات، پێده‌چێت ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیای پێخۆش بێت و پیرۆزباییشی لێكردبێت، ئه‌وه‌ش ته‌نها له پێناو له‌مپه‌ر درووستكردن بۆ پلان و خواسته‌كانی ئه‌مریكا له سووریا. له به‌رامبه‌ردا، پارتی یه‌كێتی دیموكرات، پێناچێت ئاماده‌ی گفتوگۆكانی ئاشتی بێت كه بڕیاره له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا به چاودێری رووسیا به‌ڕێوه بچێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رووسیا و ئه‌سه‌د پێیانوایه ئه‌و پارته كوردییه هاوپه‌یمانی داهاتوویانه، ئه‌گه‌ر هاتوو ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پاڵپشتی سه‌ربازی رووسی و پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د ده‌رببڕن.
رۆژی 25/1/2018 هێزه كوردییه‌كانی ناوچه‌ی عه‌فرین داوایان له حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌سه‌د كرد، بۆ رێگه‌گرتن له هێرشی توركیا ھێز بنێرێته هاوكاریان.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری عه‌فرین بڵاوكرایه‌وه هاتووه "داوا له ده‌وڵه‌تی سووریا ده‌كه‌ین به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی هه‌ستێت و پاراستنی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه به‌رامبه‌ر عه‌فرین جێبه‌جێ بكات و سنووره‌كانی له هێرشی توركیا بپارێزێت، به‌ڵام تا ئێستا به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه‌و هێزی له ناوچه سنوورییه‌كانی عه‌فرین بۆ پاراستنی سنووره‌كان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه".
په‌یه‌ده له هه‌موو هێزه‌كانی دیكه خۆی به براگماتی ده‌زانێت، كاتێك هێزه‌كانی ئه‌سه‌د له رۆژئاوا و باكووری سووریا كشانه‌وه‌و ناوچه‌كانیان راده‌ستی ئه‌وان كرد، به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی ئیكۆنۆمیست، ئه‌وه وه‌ك رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر بووه تا ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات بمێنێنتهوهو ئۆتۆنۆمیش به رۆژئاوای كوردستان بدرێت.
به‌گوێره‌ی راپۆرتی گۆڤاره‌كه، له‌وانه‌یه ئێستا كورده‌كان له‌سه‌ریان پێویست بێت له‌م قۆناغه‌دا هه‌ندێك سازش بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانیان له رۆژئاوای كوردستان بپارێزن. ئه‌ویش په‌یوه‌ستبوونی شه‌ڕڤانانه به سوپای سووریا و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كان بۆ حكومه‌تی سووریا و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌و ناوچه عه‌ره‌بیانه‌ی له‌ژێر ده‌ستیاندایه.