ئێران: كۆڵبەری لە سنوورەكانی كوردستان كۆتایی پێدێت

خەڵكی ناوچە سنوورییەكان ناونووس دەكرێت

K24 - ھەولێر

جێگری پارێزگای سنە لە رۆژھەڵاتی كوردستان، رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی پلانی حكومەتی ئێران كۆڵبەری لە سنوورەكانی كوردستان نامێنێت.

بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی مێھر، حسێن فیروزی، جێگری پارێزگاری كوردستان (سنە) رایگەیاندووە: "حكومەتی ئێران پلانێكی واژووكردووە، كە سێ بازاڕچە بەناوەكانی ملەخۆری لە سەڵاوا، خانم شێخان لە مەریوان، سەیرانبەنی لە بانە، ھەرسێ بازاڕچەكەش لە ژێرچاودێری ئیدارەی گومرگی كوردستان دەبێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "لەمەدوا ھەموو ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی لە سنوورە نافەرمییەكان رێكدەخرێن، ناوی خەڵكی ئەو شارە سنووریانە تۆمار دەكرێت كە بە دووری 20 كیلۆمەتر لە بازاڕچە سنوورییەكان دەژین، بۆ ھەر كەسێك مانگانە 500 ھەزار تمەن لێی خۆش دەبن".

ئەمە لەكاتێكدایە زۆربەی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان ژیانیان لەسەر كۆڵبەرییە، ساڵانەش ژمارەیەكی زۆر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران دەكوژرێن و بریندار دەكرێن.