به‌وێنه.. توركیا له ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فریندا په‌نا بۆ تاكتیكێكی دیكه ده‌بات
فڕۆكه‌كانی توركیا بڵاوكراوه‌ی ئاگاداری بۆ خه‌ڵكی عه‌فرین هه‌ڵده‌ده‌نه خواره‌وه
K24- هه‌ولێر:
له هه‌نگاوێكی نوێ‌دا، دوای ئه‌وه‌ی سوپای توركیا گه‌یشته ئه‌و راستییه‌ی كه كۆنترۆڵكردنی عه‌فرین كارێكی ئاسان نییه، له میكانیزمێكی نوێ‌دا، ئه‌مڕۆ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركيا بڵاوكراوه‌ی ئاگاداری‌یان بۆ خه‌ڵكی عه‌فرین و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ڵدایه خواره‌وه و، تێیدا داوای له خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه كرد, هاوكارى سوپای توركیا بكه‌ن و پشتگیری به‌رهه‌ڵستكارانی ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه زه‌یتوون" ره‌ت بكه‌نه‌وه.
له بڵاوكراوه‌كاندا هۆشداری دراوه‌ته خه‌ڵكه‌كه، كه رێگه به گه‌نجه‌كانیان نه‌ده‌ن خۆبه‌خشی بۆ یه‌په‌گه بكه‌ن و بچنه ریزهكانییانهوه، بۆئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری هێزه‌كانی توركیا ببنه‌وه.
له ناوه‌ڕۆكی بڵاوكراوه‌كاندا كه به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی كرمانجی لاتینی نووسراوه، هاتووه: "ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه كۆتایی به پێشێلكاری و سته‌مكارییه‌كانی په‌كه‌كه، په‌یه‌ده، یه‌په‌گه و داعشی تیرۆریست بهێندرێت، رێگه به‌و لایه‌نانه نه‌ده‌ن رۆڵه‌كانتان له‌خشته ببه‌ن و هه‌ڵیان خه‌ڵه‌تێنن و ماڵ و ئایندهی ئێوه وێران بكه‌ن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كه زۆربه‌ی لایه‌نه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی توركیا له‌دژی هێرشه‌كه‌ی سوپای ئه‌و وڵاته‌ن بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان و, ئه‌و كرده سه‌ربازییه‌ی توركیا به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وڵاتێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنووری توركیا ناوده‌به‌ن.

