سه‌رۆك كۆماری ئێران هۆشداری ده‌داته رێبه‌ری باڵای وڵاته‌كه‌ی
رۆحانی بۆ خامنه‌یی: ئه‌گه‌ر گوێ له گله‌ییه‌كانی خه‌ڵك نه‌گرین ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان ده‌ڕووخێت
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران هۆشداری ده‌داته عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی وڵاته‌كه‌ی و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر گوێ له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی گه‌لی خۆمان نه‌گرین، هه‌مان چاره‌نووشی شا چاوه‌ڕێمان ده‌كات"، كه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، به‌هۆی نه‌بیستنی ده‌نگی گه‌ل، له ساڵی 1979 رژێمی پاشایه‌تی له‌ئێران رووخا.
ئه‌م لێدوانه‌ی رۆحانی له سایتی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی ئێران بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 39 ساڵ به‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران پێشكه‌شی كرد و جه‌ختی كرده‌وه، "هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگری له ده‌ربڕینی رای گه‌ل و ره‌خنه‌كانی خه‌ڵك بكات، هه‌تا به خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیش ئه‌مه ناكرێت".
ئه‌و لێدوانه‌ی رۆحانی وه‌ك كۆمێنتێك بۆ هه‌ڵوێستی خامنه‌یی به‌رامبه‌ر به خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران هاتووه، كه خامنه‌یی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی به پیلانی ده‌ره‌كییه‌وه په‌یوه‌ست كردبوو، له‌كاتێكدا خۆپیشاندانه‌كان توندوتیژی زۆری لێكه‌وته‌وه و به‌ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، خۆپیشانده‌ران له ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا جه‌خت له‌سه‌ر دیكتاتۆریه‌تی حكومه‌تی ئێران و فه‌رامۆشكردنی گه‌ل له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌كه‌نه‌وه.