دیمه‌شق: كرده سه‌ربازییه‌كانی توركیا دوژمنكارییه‌كی ئاشگرایه بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا: حكومه‌تی توركیا خه‌ڵكی سڤیل له‌ناو سووریا ده‌كوژێت و ره‌واج به درۆكانی ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا، له ناو خاكی باكووری وڵاته‌كه‌مان دوژمنایه‌تییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره بۆ سه‌ر كۆماری سووریا و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها به‌زاندنی سنووره‌كانی سووریا له‌لایه‌ن توركیاوه، پێشێلكردنی بنه‌ماكانی دیباجه‌ی كۆمه‌ڵاگای نێوده‌وڵه‌تییه.
له نامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریادا، كه ئاراسته‌ی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، "رژێمی توركیا له‌سه‌ر ره‌واجدان به درۆكردن به‌رده‌وامه، كه هیچ كه‌س باوه‌ڕی پێناكات و، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی پاساوی بێ بنه‌ما ره‌وایه‌تی به هێرشه سه‌ربازی و دوژمنكارانه‌ی خۆی بۆ سه‌ر خاكی سووریا بدات، به به‌بیانۆی "چه‌مكی به‌رگریكردن له‌خۆ" كه له‌مادده‌ی "51"ی ره‌شنووسی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ناوی له‌خۆ ناوه "دژ به داعش" به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا، بۆئه‌وه‌ی تاوانه‌كانی خۆی پێ په‌رده‌پۆش بكات، كه له‌ناو سووریا له‌دژی خه‌ڵكی سڤیل ئه‌نجامی ده‌دات".
له‌نامه‌كه‌دا هاتووه، "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی رژێمی توركیاشی ره‌تكرده‌وه، كه ده‌یه‌وێت به پشت به‌ستن به بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ژماره "1373 و1624 و1170 و 1178" شه‌رعییه‌ت به هێرشه‌كانی بدات، له‌كاتێكدا ئه‌و بڕیارانه رێگه به‌هیچ وڵاتێك ناده‌ن هێرشی ناو خاكی وڵاتێكی دیكه بكات و سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی به پاساوی شه‌ڕی دژی تیرۆر پێشێل بكات".
جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه، "دیمه‌شق بوونی هه‌ر هێزێكی سه‌ربازی به‌بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی سووریا له‌ناو خاكه‌كه‌ی، به دوژمنێكی داگیركا‌ر ده‌زانێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه".
وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی سووریا داواشی له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد، "رێگه به‌هیچ وڵاتێك نه‌دات به‌شێوه‌یه‌ك هێز به‌كاربهێنێت كه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێت و، بۆ ره‌وایه‌تیدان به نیازه دوژمنكارانه‌كه‌ی پاساو له ره‌شنووسی دیباجه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی درووست بكات. هه‌وره‌ها داواشیكرد، به‌ڵگه‌نامه‌ی ره‌شنووسی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خرێته به‌رده‌ستی ئه‌و جۆره وڵاتانه كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمنكارانه‌ی خۆیان شرۆڤه ده‌كه‌ن، كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی گیانی رهشووسهكهیه".
ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌یه، سوپای توركیا به ناوی "ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتوون" ده‌ستی به هێرشكردنه سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كردووه و، به‌و هۆیه‌شه‌وه تائێستا به‌ده‌یان خه‌ڵكی سڤیل بوونه‌ته قوربانی.